بەرهەمی پەتاتەی کوردستان لە 12 هەزار تۆنەوە بۆ 247 هەزار تۆن زیادیکردووە
پەتاتە بەهۆی بەها خۆراكییەکەی بە یەكێک لە ناسراوترین بەرهەمی كشتواڵی دادەنرێت، كە زۆربەی وڵاتان گرنگی بە چاندن و بەرهەمهێنانی دەدەن. بەم هۆیەوە پەتاتە لە رووی چاندن و بەرهەمەوە، لە دوای گەنم، برنج و گەنمەشامی بە پلەی چوارەم دێت.
نیشتمانی رەسەنی پەتاتە ئەمریكای باشوورە، بەڵام ئێستا بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە. چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە بەشێوەیەكی فراوان و زانستانە لە هەرێمی كوردستان مێژووییەكی درێژی نییە، بۆ یەكەمجار وەزارەتی كشتوكاڵ لە ساڵی 2008 وەك تاقیكردنەوە، 51 تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە هۆڵەندا هاوردەکرد و بەبێ بەرامبەر بەسەر جووتیارانیدا دابەشکرد.
لە ساڵی 2009 چاندنی پەتاتە خرایە لیستی بەرهەمە ستراتیژییەکانی پلانە پێنج ساڵییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و دەستكرا بە هاوردەكردنی بنەتۆوی پەتاتە لەهۆلەندا و فەرەنسا.
لەساڵی 2009دا وەزارەتی كشتوكاڵ 675 تۆن بنەتۆوی پەتاتەی هێنا وەك هاندان بێ بەرامبەر بەسەر جووتیارانی دابەشكرد. لە ساڵی 2010 بڕی هاوردەی بنەتۆی بۆ 952 تۆن و ساڵی 2011 بۆ 2 هەزار و 133 تۆن زیادكرد و بە 75%ی نرخی پاڵپشت بەسەر جووتیاراندا دابەشیكرد، دواتر جووتیاران بە تایبەت لە دهۆك و هەولێر روویان لە چاندنی پەتاتە كرد. چەند كۆمپانیایەك دامەزران دەستیان بە هاوردەكردنی بنەتۆی پەتاتە كرد، دواتر بڕی هاوردە زیادكرا، بەڵام رێژەی پاڵپشتی لە ساڵی 2012 بۆ 50% ، لە ساڵی 2013 بۆ 40% و لە ساڵی 2014 تاوەكو 2016 بۆ 25% كەمكرایەوە ، دواتر چاندنی پەتاتە رێچكەی خۆی گرت، بەهۆی قەیرانی دارایییەوە پاڵپشتی نەما.
ئێستا 6 كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان تۆوی پەتاتە لەهۆڵەندا بۆ جووتیارانی كوردستان و عێراق هاوردە دەكەن. هەروەها 675 جووتیاریش بە چاندنی پەتاتە خەریكن و ساڵانە نزیكەی 20 هەزار تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان دەچێندرێت کە 50%ی هاوردەیە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە 11 ساڵی رابردوودا بەرهەمی پەتاتە لە 12 هەزار تۆنەوە بۆ 247 هەزار تۆن زیادبووە، واتە بەرهەمی پەتاتە لە ماوەی 11 ساڵدا 20 بەرامبەر زیادبووە.
بەپێی داتاكانم ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی پەتاتە تۆماركردووە و زیاتر لە247 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمهاتووە.
وەزارەتی كشتوكاڵ پێویستی ساڵانەی تاكی هەرێمی كوردستان بۆ پەتاتە بە 15 كیلۆ دیاریكردووە، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن کەس بێت، هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا پێویستی بە 90 هەزار تۆن دەبێت، بەو پێوەرە بێت بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی زیاتر لە دوو هێندەو نیوی پێویستیی ناوخۆیە.
حوسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە رووداوی گوت: "لە چەند ساڵی رابردوودا بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان گەشەسەندنێكی بەرچاوی بەخووە بینیوە، ئێستا بەرهەمی ناوخۆ زیاتر لە دوو هێندە و نیوی پێدویستیی ناوخۆیە، بەڵام گرفتی سەرەكی لەوەدایە كۆگای پێویستمان نییە بۆ هەڵگرتنی، بۆیە لە وەرزی پێگەیشتن زیاتر لە 80%ی ئەو بەرهەمە هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێت و بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكان چەند مانگێك كوردستان پشت بە هاوردە دەبەستێت".
بۆ پاراستن و بە بازاڕكردنی بەرهەمی جووتیاران، ساڵانی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا تاوەكو ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم بڕی 250 تاوەكو 600 دینار رەسمی گومرگی دەخستە سەر هەر كیلۆیەك پەتاتەی هاوردە.
حوسێن حەمەکەریم دەڵێت: "ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی رابردوو پەتاتە چێندراوە، بۆیە لە جیاتی رەسمی گومرگی، هاوردەی پەتاتەمان بۆ كاتێكی نادیار قەدەغەكردووە، بەو ئامانجەی هانی جووتیاران بدەین بەشێك لە پەتاتەكەیان بۆ وەرزەكانی دیكە كۆگا بكەن و لە وەرزی پاییزش پەتاتە بچێنن و چیدی پێویستمان بە هاوردەی پەتاتە نەمێنێت".
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەك كارگەی بەرهەمهێنانی چپس دامەزراون. ژمارەیەك لەو كارگانە گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران كردووە بۆ چاندنی پەتاتەی پیشەسازی، بۆیە خەریكە لە هەرێمی كوردستان چاندنی پەتاتەی پیشەسازیش پەرەدەسێنێت، ئەمەش سوودێكی گەورە بە ئابووریی هەرێمی كوردستان دەگەیێنێت، چونكە پارە بۆ کڕینی چپس ناچێتە دەرەوە.
ئەمساڵ 30 هەزار دۆنم پەتاتە لە دهۆك چێندراوە
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، پارێزگای دهۆك لە چاندن و بەرهەمهێنانی پەتاتە پێشەنگی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە. 78%ی پەتاتەی كوردستان لەو پارێزگایە بەرهەمدێت. بۆ نموونە لە چوار ساڵی رابردوودا 933 هەزار و 441 تۆن پەتاتە لە هەرێمی كوردستان بەرهەمهاتووە، کە 727 هەزار و 851 تۆنی بەرهەمی ئەو پارێزگایە بووە.
دكتۆر ئەمجەد عوبێد، بەڕێوەبەری باخداری دهۆك، دەڵێت: "لە سنووری پارێزگای دهۆك بەتایبەت لەقەزاكانی بەردەرەش، ئاكرێ، شێخان و زاخۆ چاندنی پەتاتە رێچكەی خۆی گرتووە، نزیكەی 400 تاوەكو 450 جووتیار خەریکی چاندنی پەتاتەن، 300 لەو جووتیارانەش جووتیاری نموونەیین. بەهۆی شارەزاییان لە چاندن و خزمەتكردندا، بەرهەمیان زۆرە".
دكتۆر ئەمجەد دەڵێت بەشێوەیەكی گشتی ساڵانە 20 تاوەكو 25 هەزار دۆنم پەتاتە لە دهۆك دەچێندرێت، بەڵام ئەمساڵ رووبەری زیاتر لە 30 هەزار دۆنم پەتاتە لە سنووری پارێزگای دهۆك چێندراوە، بۆیە پێشبینی دەكات بەرهەمی ئەمساڵی پارێزگای دهۆك بگاتە 220 هەزار تۆن پەتاتە.
بەپێی خزمەت و شارەزایی و جۆری بنەتۆ و خاك و ئاو، بڕی بەرهەمی پەتاتە لە یەكەی رووبەر لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەکی دیكە دەگۆڕێت، بەشێوەیەكی گشتی چاندنی یەك تۆن پەتاتە 12 تاوەكو 20 تۆن بەرهەم دەدات.
بایز عەبدوڵڵا عەلی، جووتیارێكی نموونەیی پارێزگای دهۆكە، ئەمساڵ 700 تۆن پەتاتەی چاندووە و زیاتر لە 13 هەزار تۆن بەرهەمی لێ هەڵگرتووەتەوە.
ئەو جووتیارە دەڵێت: "بەرهەممان زۆرباشە لەهەر دۆنمێك نزیكەی 20 تۆنمان هەڵگرتووەتەوە، بەڵام گرفتمان لە بە بازاڕكردنی بەرهەم هەیە، چونكە ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆناوە رێگە بە بازرگانی عەرەب نادرێت بێنە كورستان بۆ كڕینی بەرهەمەكانمان، بۆیە زۆربەی بەرهەمەكانمان لە كۆگا هەڵگرتووە و بەپێی خواست رۆژانە بەشێكی لە شارەكانی كوردستان بە بازاڕ دەكەین و بەشێكیشی هەناردەی شارەكانی عێراق دەكەین، بەڵام بەرهەمەكە پارە ناكات ئێستا كیلۆیەک پەتاتە بە 160 تاوەكو 200 دینار دەفرۆشین".
بەپێی توێژینەوەكان دەركەوتووە خاك و ئاووهەوای کوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی پەتاتە، دەتواندرێت لە هەردوو وەرزی بەهار و پایزدا بچێندرێت، بەڵام جووتیارانی كوردستان زیاتر لە وەرزی بەهاردا پەتاتە دەچێنن.
بایز عەبدوڵڵا، دەڵێت: "من و زۆربەی جووتیارانی ناوچەكە زیاتر لە بەهاراندا پەتاتە دەچێنن، چونكە بەرهەمی بەهار باشترە، جگە لەوەش زەویی ناوچەكانمان قوڕی تێكەڵە لە كاتی باران باریندا ناتوانین پەتاتە لە زەوییەكە دەربهێنین، بۆیە لە پایزدا نایچێنین".
ئەمساڵ 20 هەزار تۆن پەتاتە چێندراوە
بەپێی ئەو ئامارەی لە رێگەی كۆمپانیاكان دەست رووداو كەوتووە، ئەمساڵ بازرگانان نزیكەی 23 هەزار تۆن پەتاتەیان لە هۆڵەندا هاوردەكردووە، لەو بڕەش 10 تاوەكو 11 هەزار تۆنی لە كوردستان چێندراوە، ئەوە دیكەشی هەناردەی شارەكانی عێراق كراوە.
كۆمپانیای كوردستان هۆڵەند، بریكاری كۆمپانیای Hzpoی هۆڵەندییە، یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی ساڵانە برێكی زۆر پەتاتە بۆ جووتیارانی عێراق و كوردستان هاوردە دەكات، بۆ ئەمساڵ 15 هەزار تۆن پەتاتەی هاوردەكردووە، 9 هەزار تۆنی لە كوردستان فرۆشتووە و 6 هەزار تۆنیشی هەناردەی عێراق کردووە.
سەعدی ئەسعەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە، دەڵێت: "بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی ئێمەدان، جووتیارانی كوردستان ئەمساڵ 20 هەزار تۆن پەتاتەیان چاندووە، لەم بڕەش نزیكەی 11 هەزار تۆنی پەتاتەی هاوردە بووە، ئەوەی دیكەش خۆماڵی بووە".
کۆمپانیاکەی ئەسعەد لەگەڵ فرۆشتنی تۆوی پەتاتە بە جووتیاران لە رێگەی 20 ئەندازیاری کشتوکاڵی رێنمایی دەداتە جووتیاران. هەروەها بە قەرزیش پەتاتە بە جووتیاران دەفرۆشێت.
بەگوتەی سەعدی ئەسعەد بەرهەمی پەتاتە بەگوێرەی كەش و هەوا و خاك و خزمەت و شارەزاییە، جووتیارە نموونەییەکان لە چاندنی تۆنێك پەتاتە، سەرووی 20 تۆن پەتاتە هەڵدەگرنەوە، ئەوانەشی زۆر شارەزا نین، لە هەر تۆنێک نزیکەی 13 تۆن پەتاتە هەڵدەگرنەوە.
خەرجی چاندنی هەر تۆنێك پەتاتە نزیكەی 2 ملیۆن تاوەكو 2.5 ملیۆن دینارە بۆیە سەعدی ئەسعەد دەڵێت: "ئەگەر تۆنێك پەتاتە 250 هەزار دینار كەمتر بكات، جووتیار وەك پێویست قازانج ناكات".
ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی بەرهەم زۆرە، بەهۆی كۆرۆنا و داخرانی چێشتخانەكان و گرفتی هاتنی بازرگانانی عەرەب بۆ كوردستان، خواست لەسەر پەتاتە كەمبووەتەوە، بەو هۆیەوە نرخ دابەزیووە. سەعدی ئەسعەد دەڵێت: "جووتیاران بۆ ئەوەی تووشی زیانی زۆر نەبن، نزیكەی 80 تاوەكو 100 هەزار تۆن پەتاتەیان لە كۆگای كۆمپانیاكان و كۆگاكانی دیكەی كوردستان هەڵگرتووە".
بەهۆی خواست و گرێبەستی هەندێ كارگە لەگەڵ جووتیار و كۆمپانیاكان، ئەمساڵ 3500 تۆن پەتاتەی پیشەسازی لە كوردستان چێندراوە، كە هەر تۆنێَكی 400 بە هەزار دینارە.
سەعدی ئەسعەد، دەڵێت: "ئەمساڵ بەنێوانگیری ئێمە دوو كۆمپانیای چپس لەكوردستان گرێبەستی چاندنی 1500 تۆن پەتاتەی پیشەسازییان لەگەڵ جووتیاران کرد، ئێمە پەتاتەكەمان هێنا و جووتیاران چاندیان، هەر تۆنێكیان بە 400 هەزار دینار فرۆشت، ئێستا پەتاتەكە لە كۆگای ئێمە هەڵگیراوە
rudaw
