وەزیری پلاندانان: گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن
لەمبارەوە د. دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە ئەندامانی شاندی دانوستانکاری نێوان هەولێر و بەغدایە، ئەمرۆ یەکشەممە 2020.8.22 لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەەیاند: "لە درێژەی دانوستان و گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا، ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوولادا کراوە و ئامادەیە و تەنیا ماوە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بکرێت و بۆ مانگەکانی داهاتوو بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
لەبارەی ناوەۆکی ڕێککەوتنەکەوە گوتیشی: "ئەو ڕێککەوتنە کە تایبەتە بە بودجە و مووچە بۆ ساڵی 2020ە و مانگانە هەتا ساڵی کۆتایی ساڵی 2020 بەردەوام دەبێت، چونکە لە نەبوونی یاسای بودجە کە ئەمساڵ لە عێراق نەبووە و بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا کرابوو کە ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە لە یاسای بودجەی ساڵی 2020دا بگونجێندرێت، بەڵام بەهۆی هەڵوەشانەوەی حکوومەتی عێراق و خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی عێراق، ئەوە بوو کە یاسای بودجە نەچووە پەرلەمان، هەر بۆیە لە غیابی یاسای بودجەدا پەنا بۆ ئەو ڕێککەوتنە دەبرێت کە تەنیا بۆ ساڵی 2020یە و هەموو هیواکانمان ئەوەیە کە خۆمان ئامادە بکەین بۆ یاسای ساڵی 2021.
وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هەوڵی ئەوەداین کە بتوانین هەموو مافە دەستوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیان لەناو یاسای بودجەی ساڵی 2012 بە گوێرەی دەستوور کە بۆمان دیاری کراوە، گەرەنتی بکەین و بیچەسپێنین".
لەبارەی کاتی سەردانی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، د. دارا ڕەشید ڕای گەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کات ئامادەیە کە سەردانی بەغدا بکات، بەڵام هەروەک دەزانن دوێنێ شەممە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندەکەی هاوڕێی، لە ئەمریکا گەڕاونەتەوە کە هاوکات وەزیری دارایی و هەموو ئەوانەی کە لایەنی پەیوەندیدار بوون بە پرسی دانوستانەکانەوە لەگەڵی بوون، هەروەها شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ شاندەکەی کازمی لە ئەمریکا بوون و تازە گەڕاونەتەوە، بۆیە دەبێ بەغدا کاتێک دیاری بکات کە کۆتایی ئەم هەفەتەیە یان کۆتایی هەفتەی داهاتوو بێت کە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە".
وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە: "دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن، ئێستا ئەو گفتوگۆیانە چ لە هەولێر بێت یان بەغدا هەر نەوەستاون، تەنانەت ئەو کاتەش کە شاندی بەغدا لە ئەمریکا بووە، دانوستانەکان درێژەیان هەبووە و هیوادارین لە هەفتەی داهاتوودا هەموو شتەکان یەکلا ببنەوە و کۆتایی پێ بێت".
باسنيوز
