د. ئامانج ڕەحیم: هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا دەست پێ دەکەنەوە

د. ئامانج ڕەحیم: هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا دەست پێ دەکەنەوە
سكرتێری‌ ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی هەرێمی‌ كوردستان ئاشكرای دەكات لەگەڵ وەزیرانی دارایی و نەوتی عێراق باسی بوجەی 2021یان كردووە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە گەڕێکەی دیکەی گفتوگۆكان لەمبارەوە دەست پێ بكەنەوە.

د.ئامانج ڕەحیم، سكرتێری‌ ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی هەرێمی‌ كوردستان رايگەیاند: "لە پەراوێزی سەردانەكەمان بۆ واشنتۆن، لەگەڵ وەزیری دارایی و وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ باسمان لە بودجەی 2021ی عێراق و بەگشتی و بەتایبەتی بودجەكە و پشكی هەرێمی كوردستان كردووە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "بۆ پرسی بودجە و وزە، گەڕێكی تری دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا دەست پێ دەكەنەوە و پاش ئەوەی لە 15ی ئابدا رێككەوتنێك لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كرا، ئەو رێككەوتنە ئاسانكاریی باشی كردووە بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێدراوەكانی هەردوولا، بۆیە لە هەفتەی داهاتوودا گەڕێكی تری گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا بۆ بواری بودجە و نەوت و وزە دەست پێ دەكەنەوە".

شەوی شەممە 15-8-2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و لەو پەیوەندییەکەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق رێک کەوتن لەسەر ناردنی 320 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ئامانج ڕەحیم، دووپاتیی كردەوە: "کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ درێژەپێدانی کۆبوونەوەکانی چەند مانگی پێشووی دەبن، هەروەها بۆ کارکردنە بۆ ڕێکكەوتنێکی کۆنکرێتی لەسەر نەوت و دارایی هەرێمی كوردستان و زامنکردنی ماف و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021".

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش دا: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراقی دەكات و هەموو ئاسانكارییەكی پێشكەش كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و رێككەوتنی كۆنكرێتی".

پێشتر، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رايگەیاند: "ئەم رێككەوتنەی کەلە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا كراوە، گرنگیی خۆی دەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆكان باش و بنیاتنەر بن بۆ رێككەوتن لەسەر بودجەی ساڵی 2021ی عێراق، بەتایبەتیش لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان، بۆیە هەردوولا كۆ دەبنەوە، تاكوو لەسەر بودجەی 2021، ڕێک بکەون و دەبێ رێككەوتنی سیاسیش بكرێت تاكوو فراكسیۆن و لایەنە سیاسییەكان لەناو پەرلەمان دەنگ بۆ ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدەن".

بەپێی رێكکارەكان، دەبێت حكوومەتی عێراقی تاكوو 15ی 10ی 2020، رەشنووسی بودجە ساڵی 2021 ئامادە بكات و بۆ پەرلەمانی بنێرێت.














باسنيوز



Top