ئەو ژنەی لە هێرشەکەی کونەماسی برینداربوو، ئێستا تاکە هیوای قاچێکی دەستکردە

ئەو ژنەی لە هێرشەکەی کونەماسی برینداربوو، ئێستا تاکە هیوای قاچێکی دەستکردە
پەیمان کە لەگەڵ هاوژینەکەی لە کونەماسی بەر بۆردوومانی فڕۆکەی تورکیا کەوتوون، قاچێکی لەدەستداوە و داوا دەکات دەستکردی بۆ دروستبکرێت.

پەیمان ئیرادە و خۆڕاگریی لەو پەڕى بەرزى و باڵادایە. بۆ هاوکاریى هاوژینەکەى لە سلێمانییەوە چوونەوە کونەماسى و لە ئێوارەیەکى خۆرنشیندا، فڕۆکەکانى تورکیا لەگەڵ تیمێک کادیرى پارتى ژیانى ئازاد (پژاک)ـى سەر بە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) خەڵتانى خوێنى کردن.

پەیمان تالیب، بریندارى رووداوەکەى کونەماسى بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا ئازارم ماوە، بەڵام بۆ قاچە دەستکردەکەم کاک سەرۆک و کاک قوباد بەڵینیان پێداوم، بەڵام هێشتا هەر بەڵێنە".

لە سەیرانگەى کونەماسی لە شارباژێڕی باکوورى سلێمانى، کەیوان ساتەوەختى رووداوەکە بۆ هەموو ئەوانە دەگێڕێتەوە کە دەچنە دووکانە تازە نۆژەنکراوەکەی و چۆنیەتیی رووداوەکەی لێ دەپرسن. ئەو هێشتا مشتێک پارچە هاوەن لەنێو لەشیدا ماون

کەیوان کاوە، هاوژینى پەیمانە و دەڵێت، "پارچە لە سنگم، رانم، سەر و پشتمدا هەر ماوە و نەشتەرگەریم بۆ نەکراوە. پزیشک دەڵێت دەبێت شەش مانگى دیکە چاوەڕێ بیت".

رێکخراروێکى خۆبەخشى تایبەت بە دروستکردنى دەست و قاچی دەستکرد تاوەکو ئێستا کاریان بۆ 18 کەس کردووە کە زۆرینەیان منداڵن. بەڵێنیان بە پەیمانیش داوە قاچێکى بۆ دروست بکەنەوە کە کەم کەس هەست بکات قاچەکەى جارنى نییە.

سەرکۆ هەڵەبجەیی، سەرۆکى رێکخراوى بەرەو ژیانێکى نوێیە و دەڵێت، "لەگەڵ دکتۆرێکى ئەمریکى بەڵێنمان پێداوە بۆ قاچێکى دەستکرد، بەڵام جارێ دەبێت تا چەند مانگێکى دیکە برینەکانى تەواوسارێژ ببن".

کوڕە حەوت ساڵانەکەی پەیمان پارچە لەسەریدا جێماوە و کچەکە یەک ساڵ گەورەترەکەیشی هێشتا هەردوو گوێچکەى بە باشى نابیستن.

ئەو دوو منداڵەى کەیوان و پەیمان بەجۆرێک ترساون، دەڵێن بە دەنگى فڕۆکە و رەشەبا و تارماییش دەقیژێنن، هەر بۆیە بە کەمى دەگەڕێنەوە کونەماسى وەک بڵێیت زێدى باوکیان لە بەرچاو کەوتووە


rudaw
Top