خۆپێشاندەرانی کەلار ئاگریان لە قایمقامییەتی شارەکە بەردا

خۆپێشاندەرانی کەلار ئاگریان لە قایمقامییەتی شارەکە بەردا
لەدوای گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی شاری کەلار بەشێک لە خۆپێشاندەران لەنێو بازاڕ ناڕەزایەتییان دەربڕی و دواتر بەشێک لە خۆپێشاندەران بەرەو باڵەخانەی قایمقامییەتی شارەکە رۆیشتن و ئاگریان تێبەردا، ناوە ناوەش دەنگی تەقە لە نزیک باڵەخانەی قایمقامییەت دەبیسترێت.

پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێک لە خۆپێشاندەرانی کەلار کە بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین هاتبوونە سەر شەقام، بەرەو قایمقامییەتی کەلار رۆیشتن و ئاگریان لە باڵەخانەکە بەردا. تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەڵام لەنێو باڵەخانەکەدا ئۆتۆمبێلێک دەبینرێت و دەسووتێت.

پەیامنێری رووداو دەشڵێت، ناوە ناوە لە نزیک قایمقامییەتی کەلار دەنگی تەقە دەبیسترێت و خۆپێشاندەرانیش لەبەردەم باڵەخانەکە ماون و تاوەکو ئێستا شوێنەکەیان چۆڵنەکردووە.

هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی شارەکە ئێستا لە نزیک باڵەخانەی قایمقامیەتن و بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کردووە.


هەندێک لە خۆپێشاندەران کە لەنزیک قایمقامییەت بوون رێگەیان لە ئامبووڵانسێک گرتووە کە نەخۆشی پێبووە، شۆفێری ئامبووڵانسەکە بە رووداوی راگەیاند، بەشێک لە خۆپێشاندەران هێرشییان کردووەتەسەر و بەردیان تێگرتووە و جامی ئۆتۆمبێلەکەیان شکاندووە و رێگەیان نەداوە ئامبوڵانسەکە بڕوات


rudaw
Top