هەڤاڵ ئەبوبەکر: سێ داواکاریمان لە نێچیرڤان بارزانی هەبوون و جێبەجێکران

هەڤاڵ ئەبوبەکر: سێ داواکاریمان لە نێچیرڤان بارزانی هەبوون و جێبەجێکران
پارێزگاری سلێمانی بەشداری بەرنامەیەکی رادیۆی رووداوی کرد و گوتی، لە ساڵی 2018 سێ داواکاریم ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان کردن و هەرسێ داواکارییەکەش جێبەجێکران.

ئەمڕۆ شەممە 22-08-2020، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەشداری بەرنامەی بەکاتی سلێمانی رادیۆی رووداوی کرد و لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە پارێزگاکە وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداوی دایەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەدا کە لە 1-08-2018 چووەتە لای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان و بانگهێشتی کردووە بۆ ماڵەکەی خۆی و داوای لێکردووە سێ پرۆژەی تایبەتی پێبڵێت بۆ ئەوەی پشتیوانی ئەو بکات و دەڵێت: "پرۆژەی یەکەم ئەوەبوو کە بەو قەیرانەی ئەوکات هەبوو و مووچە نەدەدرا، مانگانە یەک ملیار دینار تەرخنبکات بۆ پرۆژەکانی سیتەک و زڕگوێز تاوەکو تەواویان بکەین و بیدەین بە خەڵک کە پێشتر هیچ خزمەتگوزارییەکیان نەبوو، دەبوایە 2009 بەخەڵکی بدەین، بەڵام 2020 هێشتا تەوامان نەکردوە. پارەکە تاوەکو مانگی 9ی ساڵی رابردوو خەرجکراوە. بەداخەوە ئێستا بەهۆی ئەم دۆخەوە وەستاندوویانە و ئێستا لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی دەستپێبکەینەوە. پارەیەکی زۆر کەمی ماوە و لە 95%ی کارەکانمان تەواوکردووە".

پرۆژەی شوقوکانی سیتەک و زڕگوێز پێکدێت لە 1500 یەکەی نیشتەجێبوون و تایبەت بە کرێنشینان. یەکەکان لەلایەن کۆمپانیایەکی ھۆڵەندی لەنێوان 2008 تاوەکو 2013 دروستکراون.

سەبارەت بە بەڵێنەکانی دیکە، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "ئێمە بودجەیەمان لە پەرەپێدانی پارێزگاکان ماوەتەوە کە تەنیا دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بوو کە خەرجی بکات، ئەو دەسەڵاتە بدەن بە من بۆ ئەوەی بێ گەڕانەوە پرۆژە تاوەکو 100 ملیۆن بکەین و ئەو دەسەڵاتەشمان پێدرا. تاوەکو ئێستاش ئێمە مومارەسەری دەکەین بە سوپاسەوە بۆ هەردوو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران."

پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە داواکاری سێیەم و بەڵێنەکەی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەک، ئاماژەی بەوەدا "سێیەم پرۆژە پەیوەست بووە بە پارێزگای هەڵەبجە، ماوەیەکی زۆر بوو نەخۆشخانەی کیمیابارانی هەڵەبجە کرابوویەوە و کەرەستەی تێدابوو و شۆرت لیست بۆ 284 کەس کرابوون . بەڵام بەهۆی بارودۆخی دارایی نەدەتوانرا دابمەزرێنرێن، بۆیە داوامان لە بەڕێزیان کرد بۆ دامەرزراندنی هەر 284 کەسەکە دەرکرد و بەڵێنەکە جێبەجێبوو".




rudaw
Top