وەزارەتی تەندروستی: نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک پڕ بوونە لە تووشبووانی کۆرۆنا و شوێن نەماوە
دکتۆر خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بە داخەوە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشانە، بەتایبەت لە هەولێر و دهۆک نەخۆشخانەکان پڕ بوونە لە توشبووانی پەتای کۆڕۆنا و شوێن بۆ نەخۆش نەماوەتەوە، تەنیا ئەو کەسانەی حاڵەتی قورسن لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە و سەنتەرەکانی کۆڕۆنا پڕ بوون".
گوتیشی: "تاکە چارەسەر بۆ ئەم بارودۆخە تاکپارێزی و پابەندبوونە بە ڕێنوێنییە تەندروستییەکان و پێویستە هاووڵاتیان هۆشیار بن و خۆیان بپارێزن و کەمترین کات ئەگەر زۆر پێویست نەبوو لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و کە چوونە دەرەوە لە شوێنی قەرەباڵغ دوور بکەونەوە و دەستکێش و دەمامک بەکار بهێنن، هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشن بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان بپارێزن و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و تێکەڵی ئەندامانی خێزانەکەیان نەبن کە بەداخەوە ئێستا بەشێکی زۆری خێزانەکان لە ماڵێکدا زۆربەی ئەندامانی خێزانەکە لە یەکتریەوە نەخۆشییەکەیان بۆ دەگوازرێتەوە ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە خۆیان ناپارێزن".
ڕاشیگەیاند: "دەسەڵاتی قەدەغەی هاتوچۆ دراوە بە پارێزگارەکان، بەڵام بۆ ئێستا ئێمە وەکو وەزارەتی تەندروستی قەدەغەی هاتوچۆ بە بژاردەیەکی باش دەزانین".
باسنیوز
