سه‌فین دزه‌یی: مه‌سرور بارزانی نامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ناردووه
لەبارەی دانوستانەكانی ئەم دواییەی نێوان عێراق و ئەمریكا بە ئامادەبوونی شاندی هەرێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی پەیوەندییەكانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: "ئەمریكا مه‌به‌ستی بووه په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا باش بێت و له دۆخێكی ئاسایی بێت و سه‌قامگیریی ته‌واو لە نێو عێراقدا هه‌بێت، چونكه ده‌زانێت ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی ستراتیژیشی له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌بێت، به‌ڵام عێراق كێشەی نێوخۆی هه‌بێت و نه‌توانێت گرفته‌كانی چاره‌سه‌ر بكات، به‌تایبه‌تیش بابەتی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی، ئه‌وه دۆخەكە چارەسەر نابێت“.
ڕوونیشی كردەوە، چاره‌سه‌ری كێشەكانی هه‌ولێر و به‌غدا هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ ئارامیی سه‌رتاسه‌ری لە هه‌موو عێراقدا، بۆیە ”مادام ڕێككەوتنی ستراتیژیی ئەمریكا لەگەڵ عێراق كاری لەسەر دەكرێت، دەبێت دۆخێكی ئارام لە عێراقدا هەبێت، لەبەر ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لایەنێكی گرنگی ڕێككەوتنەكە دەبێت، بە تایبەتیش لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش“.
سەفین دزەیی لە لێدوانەكەیدا ئاشكرای كرد: ”پێش كۆبوونەوەكەی نێوان شاندی عێراق و ئەمریكا لە واشنتۆن، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نامەیەكی بۆ مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ناردووە و پشتیوانیی هەرێمی كوردستانی بۆ ڕێككەوتننامەكە و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ دایەلۆگ لەگەڵ عێراقی فیدرال بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكان دەربڕیوە، هەروەها داواشی لە ئەمریكا كردووە كە ڕۆڵی خۆیان لە لێكنزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا ببینن“.
بە گوتەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر شت هەیە كە ئەمریكا دەتوانێت بۆ عێراقی بكات، بە تایبەتیش ئێستا كە سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له واشنتۆنه و لێگه‌یشتنه‌كانیان زۆر باشە لە لایه‌نەكانی (ئه‌منی، ئابووری، په‌ره‌پێدانی كاره‌با، سه‌رمایه‌گوزاری و راكێشانی سه‌رمایه‌گوزاریی ئه‌مه‌ریكی و كۆمەڵێك بابەتی دیكە). گوتیشی: ”ڕاستە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە ئەمریكا زۆر شت پێشكەش بە عێراق دەكات، لە بەرامبەریشدا عێراق دەبێت هەندێك شت بۆ ئەمریكا بكات، چونكە داواكاریی ئەمریكا ئه‌وه‌یه بارودۆخی عێراق ئاسایی ببێته‌وه، مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوەختە بە بێگەردی تێپەڕ بێت، ده‌ستوه‌ردان كه‌م ببێته‌وه و عێراق خاوه‌نی بڕیاری خۆی بێت و سه‌روه‌رییەكەی بپاریزێت، چونكه ئارامیی عێراق بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستیش گرنگه“.
لەبارەی قۆناغەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، سەفین دزەیی گوتی: ”كۆمەڵێك دۆسییه لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، بەشێكیان درێژخایەنن، گرفتن و سەردەمانێكی زۆرە هەن، وه‌ك ته‌عریب، ئه‌مه به مانگێك و دوو مانگ چاره‌سه‌ر ناكرێن، بەڵام ماددە‌ی ده‌ستووری هه‌یه كە دەبێت لە چارەسەركردنی كێشەی ئەم ناوچانەدا ره‌چاو بكرێت. هه‌ندێك بابه‌تی هه‌نووكه‌ییش هەن كە ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ نموونە دەبێت عێراق په‌له بكات له ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گاز، تا ئه‌و یاسایە دەردەكرێت، كار بە یاسای كۆن دەكرێت، بەڵام یاسای كۆن لە بابەتی نەوت و غازدا بە شێوەی تەواوی دەسەڵاتی بە مەركەز داوە، لە كاتێكدا دەستووری عێراق دەسەڵاتی هاوبەشی داوە بە هەرێمی كوردستان و عێراق لە ئیدارەدانی ناوچە نەوتییەكان، بۆیه ده‌بێت یاسای نوێ دەربچێت. بابه‌تی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی سیاسیش گرنگه، هه‌نگاو له‌م باره‌یەوە نراوه و هاتوچۆی شانده‌كان هه‌یه و ده‌كرێت، تا كۆتایی ئه‌مساڵ، دەكرێت گرفتی مووچە چارەسەر بكرێت لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ٢٠٢١“.
باس‌نیوز
