سەندیکای دەرمانسازان: چارەسەرێک بۆ زۆربوونی دەرمانسازان بدۆزرێتەوە
دکتۆر رەنج محەممەد عەبدولڕەحمان، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 2500 ئەندامیان لە هەرێمی کوردستان هەیە کە 1200 یان لە پارێزگای ھەولێرن و سەندیکاش یارمەتیدەر بووە بۆئەوەی زۆربەی زۆری ئەو 2500 کەسە کاریان دەستبکەوێت.
دکتۆر رەنج ئاماژەی بەوەکرد، ساڵ دوای ساڵ ژمارەی دەرمانسازان لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، چونکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر قوتابی لە کۆلێژەکانی دەرمانسازی وەردەگیرێن، بەڵام ئێستا سیستمی پارالێڵیش پەیڕەو دەکرێت و ئەمەش واتای ئەوەیە ژمارەی خوێندکاری وەرگیراو لە کۆلێژەکانی دەرمانسازی زیاتردەبێت.
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان گوتیشی، جگە لەوەش، ئێستا ساڵانە چەند دەرچوویەکی کۆلێژەکانی دەرمانسازی لە دەرەوە خوێندن تەواودەکەن و دەگەڕێنەوە.
دکتۆر رەنج دەڵێت، ئەو زۆربوونە لە ژمارەی دەرمانسازان لەکاتێکدایە ئێستا 216 کۆمپانیای دەرمان لە هەرێمی کوردستان هەن کە 170یان لە هەولێرن. هەروەها نزیکەی 640 دەرمانخانە و نزیکەی 60 کۆگای دەرمانیش لە سنووری هەولێرن و ئەم ژمارەیە زۆر لەوە زیاتر نابێت کە ئێستا هەیە و بۆیە سەندیکاکەیان ناتوانێت کار بۆ دەرچووانی دیکەی دەرمانسازی بدۆزێتەوە.
دکتۆر رەنج محەممەد عەبدولڕەحمان داوا لە وەزارەتەکانی پلاندانان، خوێندنی باڵا و تەندروستی دەکات بە پلانێکی وردەوە چارەسەرێک بۆ کێشەی زۆربوونی دەرمانسازان و دەرچووانی کۆلێژەکانی دیکەش لە هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە.
ئەم سەرنجەی سەندیکای دەرمانسازان لەکاتێکدایە، چوار ساڵی رابردووی دەرچووانی کۆلیژی دەرمانسازی لە حکومەت دانەمەزراون و زیاتر لە 450 دەرمانسازی دانەمەزراو تەنھا لە شاری ھەولێرن و دکتۆر رەنجیش دەڵێت، لە کاتێکدا دامەزراندن نەبێت و ئەم ھەموو ژمارە زۆرەی دەرچوان ھەبێت کێشە دروست دەبێت و سەندیکا ئەرکی قورس دەبێت و ناتوانێت ھەلی کار بۆ گشت ئەندامەکانی بدۆزێتەوە، ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوازە بەردەوام بێت.
rudaw
