تەندروستیی سلێمانی: لە 24 کاژێری رابردوو هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستنەداوە
د. یاد نەقشبەندی، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ 18 تووشبووی دەستنیشانکراوی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا لە سلێمانی خەوێندراون. ئەو تووشبووانەی لە نەخۆشخانەکانیشن 33 کەسیان لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان، بەڵام هیچ تووشبوویەک لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددا نەماوە.
ئێستا بە بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و دهۆک، هاتووچۆ لەنێوان ئەو پارێزگایانە و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکردووەتەوە. د. یاد نەقشبەندی داوا لە هاونیشتمانیان دەکات پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە دۆخی پێشوو کە رۆژانە چەندان کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستدەدا.
گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوەشکرد، گرنگترین شت بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تاکپارێزییە "خەڵکی ئێمە بەشێوەیەکی باش لەوە تێگەیشتوون کە پاراستنی ژیان و تەندروستییان لە دەستی خۆیانە". گوتیشی، هاونیشتمانیانی سلێمانی بەشێوەیەکی باش پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن.
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی سلێمانی، ئێستا 188 تووشبووی کۆرۆنا لە چوار نەخۆشخانەی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە شارەکە ماون. د. یاد نەقشبەندی گوتی، "ئەگەر هاونیشتمانیان پابەندی رێنماییەکان بن، ئەوا ئامارەکان بەمشێوەیەی ئێستا جێگیری دەمێننەوە".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، 10 هەزار و 705 تووشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی دەستنیشانکراون، شەش هەزار و 988 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 531 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
rudaw
