"لایەنگرانی پەکەکە و نەوەی نوێ ئاراستەی خۆپیشاندانەکەی زاخۆیان گۆڕی بۆ ئاژاوە"

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە گردبوونەوەی دوێنێ شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کە دواتر گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە، بڵاوکردەوە و تیایدا رایدەگەیەنێ کە لایەنگرانی پەکەکە و نەوەی نوێ ئاراستەی خۆپیشاندانەکەی زاخۆیان گۆڕیوە بۆ ئاژاوە.

لە راگەیەندراوەکەدا کە وێنەیەکی بۆ(باسنیوز) نێردراوە هاتووە "لە بنەڕەتدا خۆپێشاندانەکە لەلایەن شوفێری بارهەڵگران بووە کە پێیانوابوو کردنەوەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کە بۆ ماوەیەکە لەبەر رێکارەکانی کۆرۆنا وەستێنرابوو، دەبێتە هۆی ئەوەی بارهەڵگرانی شوفێرانی تورک کەلوپەل بگوازنەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەمەش زیان بە کارەکانیان دەگەیەنێت، بەڵام لایەنگیری پ.ک.ک و نەوەی نوێ و چەند لایەنێکی دیکە بەشدارییان لە خۆنیشاندانەکەدا کرد بە وتنەوەی دروشمەکانی پ.ک.ک ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان گۆڕی و تەقەیان لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیەکان کرد و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون".

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە لە خۆپێشاندانەکەدا "لە ئەنجامی تەقەکردن ٦١ لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ٤ هاووڵاتی سڤیڵ برینداربوون کە یەکێکیان منداڵ بوو، هەروەها ٢٦ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیان و موڵکی تایبەتی و گشتی زەرەر و زیانیان پێکەوت".

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:-

حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندان مەدەنی بە مەبەستی باشتر کردنی ژیان و بژێوی هاووڵاتیان و بۆ بەرژەوەندی گشتی بێت، بەداخەوە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردووی زاخۆ ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت و توندوتیژی لێکەوتەوە.
لە بنەڕەتدا خۆپێشاندانەکە لەلایەن شوفێری بارهەڵگران بووە کە پێیانوابوو کردنەوەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کە بۆ ماوەیەکە لەبەر رێکارەکانی کۆرۆنا وەستێنرابوو، دەبێتە هۆی ئەوەی بارهەڵگرانی شوفێرانی تورک کەلوپەل بگوازنەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان ئەمەش زیان بە کارەکانیان دەگەیەنێت، بەڵام لایەنگیری پ.ک.ک و نەوەی نوێ و چەند لایەنێکی دیکە بەشدارییان لە خۆنیشاندانەکەدا کرد بە وتنەوەی دروشمەکانی پ.ک.ک ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان گۆڕی و تەقەیان لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیەکان کرد و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
لە ئەنجامی تەقەکردن ٦١ لە کارمەندانی هێزە ئەمنیەکان و ٤ هاووڵاتی سڤیڵ برینداربوون کە یەکێکیان منداڵ بوو، هەروەها ٢٦ ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتیان و موڵکی تایبەتی و گشتی زەرەر و زیانیان پێکەوت.
هێزە ئەمنییەکان راستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران نەکردووە و رێگایان لە تێکدەران گرتووە دوای ئەوەی هەوڵی سووتاندنی موڵکی گشتی و تایبەتیان دا.
لەلایەن هێزە ئەمنییەکان ١٨ کەس دەستگیر کراون کە چەکیان هەڵگرتبوو و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانەکە بۆ داوا کردنی مافی شوفێری بارهەڵگرەکان بووە، بەڵام لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە تەنیا ٤ لەو کەسانەی دەستگیر کرابوون شوفێر بوون. لە ئێستادا بارودۆخی زاخۆ ئارامە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پاراستنی مافی بیروڕا دەربڕین و بەها مرۆییەکان و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراواندا دەکرێت دەربارەی داواکاریی شوفێری بارهەڵگرەکان، حکومەتی هەرێم بەدواداچوون دەکات ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە دەروازەی ئیبراهيم خەليل خاڵێکی گواستنەوەی نێودەوڵەتییە بەپێی پرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتی و ناخۆییەکان.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی كوردستان
٢٠ی ئابی ٢٠٢٠
Top