سەرچاوەیەک لە ئەوقافی هەولێر: سبەی مزگەوتەکان دەکرێنەوە

سەرچاوەیەک لە ئەوقافی هەولێر: سبەی مزگەوتەکان دەکرێنەوە
ئەندامێکی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر رایدەگەیێنێت، پێشنیازی دەستپێکردنەوەی نوێژی هەینییان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی لە سبەینێوە نوێژی هەینی بەگوێرەی رێنماییەکان دەستپێبکاتەوە. سەرچاوەیەکیش لە کۆبوونەوەکە بە رووداوی راگەیاند، سبەی دەرگای مزگەوتەکان دەکرێنەوە.

سەید سدیق کەپرانی، بەڕێوەبەری ئەوقاف و ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێردا، ئەندامانی لیژنەکە بە تێکڕای دەنگ رازیبوون لەسەر ئەوەی پێشنیازێک بدرێتە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی بە گوێرەی رێنماییەکان رێگە بە دەستپێکردنەوەی نوێژی هەینی بدرێت".

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کردنەوەی مزگەوتەکان بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان دەبن و لە بەشێک لە مزگەوتەکان دەمامک بۆ نوێژخوێنان دابین دەکرێت.

هاوکات سەید سدیق کەپرانی ئاماژەی بەوە کرد "ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندی بدات، بە گوێرەی چەند رێنماییەک دەبێت، لەوانە هێنانی بەرماڵ لەلایەن نوێژخوێنەوە، مەودای نێوان نوێژخوێنەکان کەمتر نەبێت لە یەک مەتر، داخستنی توالێت و بەستنی دەمامک".

دوای ئەوەی لەماوەی رۆژانی 10 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزاندا دەرگای مزگەوت و شوێنەکانی پەرستش کرانەوە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا جارێکی دیکە لایەنە پەیوەندارەکان ئەنجامدانی نوێژی هەینیان لە مزگەوتەکان بە بڕیارێک راگرت.



rudaw
Top