ئیسرائیل؛ 30 پیاو دەستدرێژیی بە کۆمەڵ دەکەنە سەر کچێکی 16 ساڵان

ئیسرائیل؛ 30 پیاو دەستدرێژیی بە کۆمەڵ دەکەنە سەر کچێکی 16 ساڵان
کچێکی 16 ساڵان لەلایەن 30 پیاوەوە لە ئیسرائیل دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش داوا دەکات سزای ئەو کەسانە بدرێت.

تاوەکو ئێستا دوو پیاو دەستگیرکراون و پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵێنەوە کردووە. دەگوترێت یەک لە پیاوەکان پاش ئەوەی ڤیدیۆی دەستدرێژییەکەی بۆ کچەکە ناردووە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، هەرچەندە ئەو پیاوە دەڵێت، کەسێکی دیکە مۆبایلەکەی بەکارهێناوە. هەمان ئەو پیاوە گوتویەتی، ئەو 30 پیاوە دەستدرێژییان نەکردووە، بەڵکو گوایە کچەکە خواستی خۆی لەسەر بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیای ئیسرائیل بڵاوکراونەتەوە، پیاوەکان هەموویان تەمەنیان 20 ساڵانە و خەڵکی ئیسرائیلن.

کچەکە لەگەڵ هاوڕێیەکی لە سەرەتای مانگی ئاب سەردانی شوێنێکی گەشتیاری لە باشووری ئەو وڵاتە کردووە. رۆژێکیان لەگەڵ هاوڕێکەی چوونەتە دەرەوە و خەریکی خواردنەوە ماددە کحولییەکان بوون، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ هۆتێلەکەی، دەگوترێت ژمارەیەک پیاو هێرشیانکردووەتە سەر کچەکە و سەرەتا بێهۆشیان کردووە و پاشان یەک بە یەک دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەر کچەکە.

میدیاکانی ئیسرائیل لە چیرۆکی ئەو کچە باسی ئەوەشیان کردووە، هاوڕێی کچەکە هەوڵیداوە پارێزگاری لێ بکات، بەڵام نەیتوانیوە.

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرکۆنەی دەستدرێژییەکەی کرد و بە "شۆک" ناویبردووە، هاوکات گوتیشی "تاوانێکە نەک بە تەنیا لە دژی ئەو کچە، بەڵکو هەموو مرۆڤایەتی".

کچەکە لە رۆژی هەینی رابردوو لەلای پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە، بەڵام ئەمڕۆ بابەتەکە بووەتە رۆژەڤی میدیاکان.




rudaw
Top