سەرکردەیەکی یەکێتی: كێشە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نەماوە

سەرکردەیەکی یەکێتی: كێشە لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نەماوە
سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای گەیاند كە كێشە لە نێوان حزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان نەماوە و سەركردایەتیی یەكێتیش پێی خۆشە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی ئاسایی كراوەتەوە.

نەسروڵا سورچی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ڕاستە پێشتر کۆمەڵێک کێشە لە نێوان یەکێتی و پارتی ھەبووە، بەڵام ”ئێستا ئێمە بەو ئاڕاستەیەدا کاردەکەین كە ھیچ کێشەیەکمان نەمێنێت، لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش ھەموومان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کێشە لە نێوان ئەو دوو حزبەدا نەمێنیت“.

ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی کێشە و ئاڵۆزییان تێ بکەوێت، دۆخی ھەرێمی کوردستان بەرەو خراپی دەڕوات، بەڵام ئەگەر یەکێتی و پارتی یەكگرتوو بن و نێوماڵی کورد بپارێزن، ”قازانجی میللەتەكەمانی تێدایە و ئەوکاتە دەتوانین کێشەی قەیرانی دارایی و ھەموو کێشەکانی دیکە چارەسەر بکەین“.

سەركردەكەی یەكێتی جەختی كردەوە: ”ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی و یەکڕیزیی لانەیە سیاسییەکانی کوردستان، ھۆکارێکی باشە بۆ ئەوەی بەغدا کێشەکانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چارەسەر بکات، بێگومان بەھۆی ڕێككەوتنی یەکێتی و پارتییەوە، بەغدا ناچار دەبێت لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێککەوتن بکات، بەڵام کێشەکانمان زیاتر ئاڵۆزی تێ بکەوێت، یان ئەگەر لایەنێکی سیاسی بە تەنھا بچێت بۆ بەغدا، ئەوکاتە بەغدا دۆخەکە دەقۆزێتەوە و بەھۆی پەرتەوازەیی نێوماڵی کوردەوە، ئامادە نابێت کێشەکانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چارەسەر بکات“.

نەسروڵا سورچی دەڵێت: ”باوەڕی تەواومان بەوە ھەیە کە یەکێتی و پارتی وەکوو دوو حزبی سەرەکی، بەبێ یەکتری ناتوانن حکومڕانی ئەم وڵاتە بکەن، بۆیە یەکێتی پێیخۆشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی ئاسایی بوەتەوە، چونکە ئێمە پێشتر ئەزموونێکی ڕەشمان بینیوە، ئەویش شەڕی ناوخۆ بووە، پێمانوایە بە یەکڕیزی و یەک ھەڵوێستی، ئەو ئەزموونە دووبارە ناکەینەوە“.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوودا چەند كۆبوونەوەیەك لە نێوان پارتی و یەكێتی ئەنجام دراون كە دوایینیان دوو ڕۆژ لەمەوبەر بوو و تێیدا جەخت لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوو حزب كراوەتەوە.











باسنیوز



Top