ئێران قوتابخانەکان دەکاتەوە و کەسوکاری قوتابیانیش نیگەرانن
عەلیڕەزا کازمی، جێگری وەزیری پەروەردەی ئێران بۆ کاروباری کولتووری و پەروەردەیی رایگەیاند، لە بڕیاری کردنەوەی قوتابخانەکان پەشیمان نابنەوە و بڕیاریشیانداوە، لە ساڵی داهاتووی خوێندندا، بەهیچ جۆرێک بڕیاری راگرتنی خوێندن نەدەن و خۆیان بۆ دۆخی جیاواز ئامادەکردووە.
لە کۆتایی زستانی رابردووەوە کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران راگەیێندرا، قوتابخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا داخران و تەنیا لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا کرانەوە. قوتابییەکان نزیکەی چوار مانگ نەیانتوانی لە قوتابخانە بخوێنن و خوێندنی ئۆنلاینیش لە ئێران کێشەی زۆری هەبوو. بەپێی ئاماری فەرمی نزیکەی 40٪ی قوتابیان هەر نەیانتوانیوە بەشداربن، ئەوانەشی کە بەشداربوون، سوودی زۆریان لێ نەبینیوە، بۆیە ئەمساڵ بازاڕی "مامۆستای تایبەت" لە هەموو ساڵێکی دیکە گەرمتر بووە و ئەو خێزانانەی کە توانای ئابوورییان باشە مامۆستایان گرتووە لە ماڵەوە وانە بە منداڵەکانیان بڵێنەوە.
ئێستا کە حکومەتی ئێران بڕیاری کردنەوەی قوتابخانەکانی داوە، نیگەرانیی کەسوکاری قوتابیان زیاتر بووە. حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، رێکاری پێویست بۆ پاراستنی قوتابیان لە تووشبوون بە کۆرۆنا دەگرێتەبەر و کار لەسەر کەمکردنەوەی کاتی خوێندن و جیاکردنەوەی قوتابییەکان دەکات تاوەکو دوای کردنەوەی قوتابخانەکان، قەرەباڵخی زۆر لە قوتابخانەکاندا نەبێ. جێبەجێکردنی ئەو خواستە بۆ حکومەتی ئێران ئاسان نابێ، بەهۆی ئەوەی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش کێشەی کەمیی شوێنی خوێندن و کەمیی بودجەی قوتابخانەکان کێشەیەکی گەورەبوو لەو وڵاتەدا.
لە هەموو ئێران 82 هەزار قوتابخانە هەن، کە 520 هەزار پۆلی خوێندن لەخۆدەگرن. بەپێی ئاماری فەرمی 30٪ی ئەو قوتابخانانە ناستانداردن و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. جگە لەوەش، حکومەتی ئێران دەبێ 40 ملیۆن مەتری چوارگۆشە شوێنی خوێندن دروستبکات تاوەکو بگاتە ئاستی ستاندارد کە بۆ هەر قوتابییەک 3.2 مەترە.
ئێستا نزیکەی 15 ملیۆن قوتابی لە قوتابخانەکانی ئێران دەخوێنن، بەشێوەی مامناوەندی هەر پۆلێک نزیکەی 30 قوتابی بەردەکەوێت کە ژمارەیەکی زۆرە بۆ پۆلە بچووکەکانی خوێندن لە ئێراندا.
دۆخی قوتابخانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی گشتی ئێران خراپتریشە. لە پارێزگایەکی وەک لۆڕستان کە 4 هەزار و 782 قوتابخانەی هەیە، هەزار و 288 قوتابخانە ئەوەندە کۆنن کە دەبێ بڕووخێندرێن و سەرلەنوێ دروستبکرێنەوە. 845 قوتابخانەش پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە.
لە پارێزگای سنە 3 هەزار و 868 خوێندنگە هەن، کە 40٪یان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە. بەوانەشەوە هەر کەمیی شوێنی خوێندن هەیە. بۆ ئەوەی کە ژمارەی خوێندکار و شوێنی خوێندن لەو پارێزگایە بگاتە ئاستێکی ستاندارد، دەبێ بە رووبەری 330 هەزار مەتری چوارگۆشە پۆلی نوێی خوێندن دروستبکرێت.
حکومەتی ئێران چەندین بژارەی لەبەردەمن تاوەکو نیگەرانیی کەسوکاری قوتابیان بڕەوێنێتەوە. کردەییترینیان ئەوەیە کە دەوامی خوێندکاران بەسەر رۆژانی تاک و جووتدا دابەش بکات. نیوەیان رۆژانی تاک و نیوەکەی دیکەش رۆژانی جووتی هەفتە بچنە دەوام. بەم پڕۆژەیە، خوێندکاران نیوەی کاتی ئاسایی دەچنە قوتابخانە، بەڵام لانیکەم لە پۆلەکانی خوێندندا دەتوانن ئاسانتر رێکاری دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکەن.
rudaw
