ئێران ئاوی سیروان و دووکانی گرتووەتەوە

ئێران ئاوی سیروان و دووکانی گرتووەتەوە
بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چوار رۆژە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەردوو سەرچاوەی ئاوی سیروان و دووکانی گرتووەتەوە و بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش نووسراویان داوەتە کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر.

ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چوار رۆژە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەردوو سەرچاوەی ئاوی سیروان و دووکانی گرتووەتەوە، بە جۆرێک ئاوی دووکان 100٪ گیراوەتەوە و ئاوی دەربەندیخانیش بەشێکی زۆر کەمی بەردراوەتەوە، ئەمەش کێشە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستدەکات.

ئەکرەم ئەحمەد دەڵێ نووسراویان لەو بارەوە داوەتە کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، هەروەها فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیشیان ئاگادارکردووەتەوە کە بێنە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە.

بەنداوی دووکان نزیکەی 4 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە و بەنداوی دەربەندیخانیش 1.5 ملیار مەتر سێجا، بەڕێوەبەری بەنداوەکانیش دەڵێ" ئەگەر ئێران ئاوەکە بەرنەداتەوە، قەیرانی کەمئاویی دروستدەبێت"، چونکە تەنیا ئاوی زابی بچووک (دووکان) لە سنووری راپەڕین نزیکەی 90 هەزار کەس سوودی لێ دەبینێت.



rudaw
Top