په‌رله‌مانتارێكی پارتی بۆ شایان عەسكەری: هەلپەرستەكان لە بەرپرسیارێتی ڕادەكەن

په‌رله‌مانتارێكی پارتی بۆ شایان عەسكەری: هەلپەرستەكان لە بەرپرسیارێتی ڕادەكەن
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان دەداتەوە و وەبیری دێنێتەوە كە هەلپەرستەكان لە بەرپرسیارێتی ڕادەكەن و لە سەركەوتنەكانیشدا دەنگیان بەرز دەكەنەوە.

لە دوای بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغدا و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا كە لە ئەنجامیاندا قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان سەری هەڵداوە، هەندێك پەرلەمانتار كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی ٨ی ٢٠٢٠، شایان عەسكەری، پەرلەمانتاری گۆڕان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بانگەشەی ئەوەی كردووە، گوایە گۆڕان حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرتووە.

لە بەرامبەردا شوان كه‌ریم محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند: "پێشتریش لە نێو گۆڕاندا هەبوو كە لە ئاستی سەركردایەتیدا ڕێككەوتن دەكرا، كەچی هەندێك لە پەرلەمانتارانیان پابەندی ڕێككەوتنەكان نەدەبوون“.

ڕوونیشی كردەوە، ”هەندێك پەرلەمانتاری گۆڕان بیریان چۆتەوە حزبەكەیان ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە و پێیان وایه‌ له ‌سه‌ركه‌وتنه‌كان ئەوان بەشدارن و ڕۆڵیان هەیە و له‌ ته‌نگژه‌كانیشدا دەبێت وەك ئۆپۆزسیۆن قسه‌ بكه‌ن“.

پەرلەمانتارەكەی پارتی گوتیشی: ”شایان خان هاوپیشه‌مه‌، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی به‌ پره‌نسیپی بزووتنەوەكەی هه‌یه‌، دەبێت بە ڕێككەوتنە سیاسییەكەیەوە پابەند بێت، ئێمە وەك پارتی بەوە ڕاهاتووین كە لە سەركەوتنەكاندا شەریكمان زۆرە، لە تەنگانەشدا ئەوانەی بە هاوبەشی خۆمان داناون، ڕادەكەن هەرچەندە هەلپەرستەكان لە تەنگانەدا ڕادەكەن“.

باسیشی لەوە كرد كە هەندێك پەرلەمانتار وازیان لە ئەركەكانی پەرلەمانتاری هێناوە و ئەركی خۆیان تەنیا لە پۆست و كۆمێنت و لایكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبیننەوە.

ئەم ڕەفتارەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پاش ئەوە هات كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ ڕێككەوتن و لە ئەنجامدا وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا، ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت كە بەپێی ڕوونكردنەوەی وەزارەتی دارایی، كۆی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەو ٣٢٠ ملیارەوە ٧٣٠ ملیار دینارە، لە بەرامبەریشدا ٨٩٥ ملیار دیناریان بۆ مووچە پێویستە، بۆیە بە هەمان ڕێژەی مانگی پێشوو، مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكەن.












باسنیوز



Top