هاوپەیمانان روونکردنەوە لەبارەی بۆردومانکردنی بنکەیەکی سوپای رژێمی سووریا لە قامیشلۆ دەدەن
روونکردنەوەکە ، ئەمڕۆ دووشەممە 17-8-2020 بە هەرسێ زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و کوردی بڵاو کراوەتەوە.
لە روونکردنەوەکەدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، کاتژمێر 9:20 خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ کاروانێکی هاوپەیمانان و هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) بە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە نزیک گوندی تەل زەهەب لە باشووری رۆژهەڵاتی قامیشلۆدا رەت بوون.
دوای رەتبوونی کاروانەکە، ژمارەیەک چەکداری سەر بە رژێمی سووریا بە چەکی سووک تەقەیان لە کاروانەکە کردووە و سەربازانی هاوپەیمانان و شەڕڤانانی هەسەدەش وەڵامیان داونەتەوە، بەڵام هیچ فڕۆکەیەک بنکە سەربازییەکەی رژێمی سووریای بۆردومان نەکردووە.
پێشتر ئاژانسی (سانا)ی فەرمیی رژێمی سووریا، بڵاوی کردەوە، کە فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا بازگەیەکی سوپای رژێمیان لە گوندی تەل زەهەب لە باشووری رۆژهەڵاتی قامیشلۆ بۆردومان کردووە.
باسنیوز
