پڕۆسەی دابەزاندن و گواستنەوەی بەشەکانی زانکۆ بۆ قوتابیان دەکرێتە ئەلیکترۆنی
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ / ٨ / ٢٠٢٠ بڵاوی کردەوە کە: لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا بەمەبەستی ئەنجامدانی کارئاسانی زیاتر بۆ ئەو خوێندکار و قوتابیانەی لە نێوان زانکۆکان دەیانەوێت پرۆسەی گواستنەوە و دابەزاندن ئەنجام بدەن و وەک سەلامەتی و پاراستنی تەندروستییان، وەزارەتی خوێندنی باڵا تەواوی پرۆسەکە بە ئەلیکترۆنی دەکات.
بەپێی نووسراوەکە: پلاتفۆڕمی تایبەت بە گواستنەوەو دابەزینی خوێندکاران/ قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) بە ھەماھەنگیی ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ تۆماری گشتی و بەشی (IT )ی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئامادە کراوە و ئێستا سەرجەم ئەو خوێندکار و قوتابییانەی دەیانەوێت پرۆسەی گواستنەوە لە نێوان زانکۆکان و پرۆسەی (دابەزاندن) لە نێوان بەش و کۆلێژەکان ئەنجام بدەن، پێویست ناکات بەھۆی بارودۆخی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەردانی وەزارەت یان زانکۆکان بکەن، دەتوانن بەشێوەی ئەلیکترۆنی و لەڕێگەی لینکی (https://www.mhe-studentaffairs.com/student/index.php) ئەنجام بدەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو قوتابی و خوێندکارانەی خوازیاری پرۆسەی گواستنەوە و دابەزاندنن، پێویستە ڕێنماییەکانی گواستنەوە و دابەزاندن بە باشی بخوێننەوە بۆ ئەوەی ئاشنای تەواوی مەرج و ڕێنماییەکان بن.
باسنيوز
