بەرهەمی شیرەمەنی ناوخۆ بەشی پێداویستیی رۆژانە ناکات
میکائیل ئیسماعیل تەمەنی 50 ساڵانە و پێنج ساڵە ئەو کارگەیەی داناوە. بە گوتەی خۆی، رۆژانە 750 کیلۆ شیر دەکاتە ماست و بایی نزیکەی دوو ملیۆن دینار دەفرۆشێت. ئەو خاوەن کارگەیە ئاماژە بەوە دەکات، خواست لەسەر بەرهەمی شیرەمەنیی ناوخۆ زیادیکردووە.
ئەو خاوەن کارگەیە باس لەوەشدەکات، هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی کار لە کاری ئەوان دەکات، ئەگەر بەرهەمی دەرەکی نەبێت، دەتوانن قەیماخ بە هەموو جۆرەکانییەوە بەرهەمبهێنن. ئەو کاتەش بەرهەمی خۆماڵی دەکەوێتە بازاڕ و بۆ ئەوان و جووتیارانیش باشترە.
بە گوتەی دووکاندارانی بازاڕی شیرەمەنی، بازاڕی بەرهەمی خۆماڵی گەرمە، بەڵام بەهۆی کەمی جۆر و رێژەی بەرهەمی خۆماڵی، پێداویستی بازاڕ پڕنابێتەوە، بۆیە بەرهەمی هاوردە بازاڕی کۆنترۆڵکردووە.
یوسف عەبدوڵڵا دوکاندارە و دەڵێت، بەرهەمی خۆماڵی داواکاریی زۆری خەڵکی لەسەرە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەرهەمی خۆماڵیی ئێمە زۆر کەمە. "ئەگەر سەیری بازاڕ بکەیت، زۆرێک لە بەرهەمی بیانی هەیە خەڵک لێی رادەکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەرهەمی خۆماڵی خەڵک ناچارە ئەو بەرهەمانە بکڕێت".
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لەگەڵ ئەوەدایە یاسایەک بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی لە پەرلەمانی کوردستان پەسندبکرێت کە لە بەرژەوەندی خەڵک و حکومەتدا بێت.
لە هەرێمی کوردستان 18 کارگەی شیرەمەنی هەن کە لە ساڵێکدا 607 هەزار تۆن بەرهەمی شیر دروستدەکەن. بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی مانگێکدا بە بەهای 20 ملیۆن دۆلار بەرهەمی شیرەمەنی لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێن. بەڵام بەرهەمی خۆماڵی بەشی هاونیشتمانیان ناکات.
rudaw
