گرووپێک داوای چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان دەکات
ئەو گرووپە ناوی خۆیان ناوە لێگەڕین، بە گوتەی خۆیان دەیانەوێت بگەنە تێڕوانینێکی "نەتەوەیی و گەردوونی نوێ کە لە زمان و کولتوور و مێژووی گەلەکەمانەوە" سەرچاوەی گرتبێت. لەو چوارچێوەیەدا چارەسەرکردنی کێشەی کورد و کوردستان دەبێت بە چەقی خەبات و کارەکانیان.
ئامانجی گرووپەکە وەک لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، وانە وەرگرتنە لە هەڵەکانی مێژوو. دەڵێن، "ئامانجمان ئەوەیە، ئەو داخواز و ئامانجانەمان لەگەڵ هەموو کەسێك جێبەجێ بکەین کە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و لە ئاست پرسی کورد و کوردستان هۆشیارە".
"بەبێ لەبارچاوگرتنی رابردووی سیاسی"، ئەو گرووپە بانگەواز لە هەر کەسێک، گرووپێک و رێکخراوێکی سیاسی و لایەنێکی کوردستانی دەکات کە نیگەرانییەکانیان هاوشێوەی ئەوانن و دەیانەوێت بچنە لای یەکدی و پێکەوە گفتوگۆ بکەن و لەسەر خاڵی هاوبەش رێکبکەون.
دەقی راگەیێندراوی گرووپەکە:
بۆ رای گشتی کوردستان
لە جیهان و بەشێکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجی پێکهێنانی سیستەمێکی سیاسی نوێ چەندین ساڵە شەڕ و پێکدادانی گەرم لە ئارادایە. لە پاڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانی، وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران کە دەیانەوێت لە ناوچەکەدا ببن بە خاوەن هێز، لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکانی خۆیان شەڕی دەسەڵات و سەروەری دەکەن.
کوردستان لە ناوەندی ئەم شەڕەدا جێگە دەگرێت کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوازێکی نوێ چڕ بووەتەوە. ئەم شەڕە کاریگەری کردووتە سەر کۆمەڵگەی کورد و ئەو گرووپە ئیتنیکی و ئایینیانەی دیکە کە لە کوردستاندا دەژین. ئەم قۆناخە فرە رەهەندە و فرە لایەنەی شەڕ، بە کردەیی ئەو سنوورانەی بێ واتا کردوون کە بە رێککەوتنی لۆزان دانراون. عێراق و سووریا بە کردەیی پارچە بوونە. تورکیا و ئێران بەهۆی ئەو شەڕەی بە ئامانجی دەسەڵات و سەروەری وڵاتەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بەڕێوەی دەبەن، رووبەڕووی کێشە و گرفتی جدی بوونەتەوە.
نەتەوەی کورد و نوێنەرە سیاسییەکانی، بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانیان تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەبەن. تێکۆشان و خۆڕاگری بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی کە بەردەوامیی ئەو سەرهەڵدان و خۆڕاگرییەی دوو سەد ساڵی رابردوون و بەگوێرەی هەل و مەرج بەفەرمی یان بە نافەرمی بەڕێوەدەچێت، تا رۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە. ئەم تێکۆشانە کە پشتی بە هێزی گەلی کوردستان بەستووە و بە پشتگیری دۆستان و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی زیاتر گەشاوەتەوە و بەهێز بووە، لە باشووری کوردستان سیستەمێكی فیدڕاڵی لێ کەوتووەتەوە، لە باشووری رۆژئاوای کوردستانیش بە ئاراستەی ئۆتۆنۆمی هەنگاو دەنێ.
لە باکووری کوردستان نزیکەی نیو سەدەیە تێکۆشین دەکرێ. کاتێک ئەو خاڵەی ئێستا پێی گەیشتووە لە روانگەی دەوڵەتی کۆماری تورکیا و رێکخراوە سیاسییە کورد و کوردستانییەکانی باکووری کوردستانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، دەبینرێ کە دۆخەکە بۆ هەردوولا بە تەواوەتی چەقی بەستووە. کردار و هەڵوێستی سیاسی و گوتارەکانی هەردوولا پرسی کورد و کوردستانی بە تەواوەتی خستووەتە ناو بێچارەییەوە.
ئێمە وەک گرووپێك لە کەسایەتی سیاسی کوردستانی دەمانەوێت رایبگەیێنین کە لە نێو لێگەڕینێكی سیاسیداین. گەلەکەمان بە درێژایی مێژوو و تاوەکو ئێستاش ئێش و ئازاری زۆری چێشتووە و دەیچێژێ، باجی قورسی داوە و دەیدات. ئێمە کە خاوەن بەرپرسیارێتی نەتەوەیین و لە کولتووری سیاسی جیاوازەوە هاتووین، بەو هەستیاریی و بەرپرسیارێتییەوە هەڵدەسووڕێین.
بۆ تێپەڕکردن و چارەسەرکردنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی لە نێویدان، پێویستیمان بە دید و تێگەیشتنێكی سیاسی نوێ هەیە و دەبێت کاری بۆ بکەین. ئەو لێگەڕین و بزووتنەوەیە لە تورکیا و باکووری کوردستان رێگا لەبەردەم چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد بکاتەوە و لەلایەن هەموو کەسێك و تەواوی لایەنەکانەوە پەسند کراوبێت. ئێمە دەمانەوێت بگەینە تێڕوانینێکی نەتەوەیی و گەردوونی نوێ کە لە زمان و کولتوور و مێژووی گەلەکەمانەوە سەرچاوەی گرتبێت. لەو چوارچێوەیەدا چارەسەرکردنی کێشەی کورد و کوردستان دەبێت بە چەقی خەبات و کارەکانمان. هەروەها بەو تێڕوانییەوە وانە لە هەڵەکانی مێژوو و ئەمڕۆ وەردەگرین. ئامانجمان ئەوەیە، ئەو داخواز و ئامانجانەمان لەگەڵ هەموو کەسێك جێبەجێ بکەین کە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و لە ئاست پرسی کورد و کوردستان هۆشیارە.
بەبێ لەبارچاوگرتنی رابردووی سیاسی ، ئێمە بانگەوازی لە هەر کەسێک، گرووپێک و رێکخراوێکی سیاسی و لایەنێکی کوردستانی دەکەین کە نیگەرانییەکانیان هاوشێوەی ئێمەن و دەمانەوێت بێینە لای یەکتر و پێکەوە گفتوگۆ بکەین و لەسەر خاڵی هاوبەش رێککەوین.
لە کوردستان هۆشیاری و توانای کەسایەتی و کادێرەکان تا بڵێی گونجاو و بەردەستە.
ئێمە لەو بڕوایەداین ئەم پڕۆسەی لێگەڕینەی دەستمانپێکردووە، دەبێتە پێکهاتەیەکی رێکخراوەیی و سیاسی بۆ گەلەکەمان و لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجامی دەبێت.
بە رێزەوە بۆ رای گشتیی کوردستان رایدەگەیێنین.
rudaw
