پەرلەمانتارێكی یەكێتی: هەولێر و بەغدا، لە رێككەوتن زۆر نزیك بوونەتەوە
شیروان میرزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا هەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، زۆر لە ڕێككەوتن نزیك بوونەتەوە.
گوتیشی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕێک پارە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، تاوەکو ئەوکاتەی ڕێککەوتنەکە واژۆی لەسەر دەکرێت، ”ھەرچەندە ڕێککەوتنەکە یەکلایی بوەتەوە، بەڵام سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان ڕەنگە بکەوێتە دوای ھاتنەوەی مستەفا کازمی لە ئەمریکا“.
جەختی لەوەشکردەوە، ڕێککەوتنی ھەرێمی كوردستان و عێراق بۆ مستەفا کازمی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش گرنگە، تاوەكوو بتوانرێت كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان چارەسەر بكرێت، بەڵام ڕێکنەکەوتنی بەغدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، جگە لەوەی کێشەکان ئاڵۆز دەکات، کێشەمان بۆ ساڵی ٢٠٢١یش بۆ دروست دەکات، بۆیە ”ئەو ڕێککەوتنە، دەبێتە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی ساڵی ئایندەش“.
شێروان میرزا، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی ھەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت، ھەروەھا خودی مستەفا کازمی، دەیەوێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ڕێکبکەوێت، بەڵام ”ڕەنگە لە ژێر فشاری شەقام و بەشێکی لایەنە سیاسییەكاندا بێت، بۆیە ڕێککەوتن لە قازانجی هەردوولادایە و ڕێکنەکەوتن دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات“.
هەر لەمبارەیەوە ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا تا پەسەندكردنی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق بەردەوام دەبێت و مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار دەنێردرێت.
جەختیشی كردەوە كە لە ڕۆژانی داهاتوودا شاندەكانی هەولێر و بەغدا سەردانی یەكتر دەكەن بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی نەوت، بەڵام ”بە شێوەیەکی مەبدەئی، هەولێر و بەغدا لەسەر هێڵە گشتییەکانی بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق ڕێککەوتوون".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بارەی كاتی ناردنی ٣٢٠ ملیار دینارەكەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، گوتی: ”بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەزارەتی دارایی عێراق ٣٢٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، تاوەکوو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بکرێت“.
پێشتر لە راگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە درابوو كە ڕۆژی شەممە ١٥ی ٨ی ٢٠٢٠، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.
لە پەیوەندییەكەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات. ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردوولا ئاماژەیان بە پێشڤەچوونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو.
لە سەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنانەش، لەسەر چارەسەریی ھەنووکەیی کێشەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان ڕێککەوتن و بڕیاردرا، بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا بڕی ٣٢٠ ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان بکرێت.
ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی دانوستانەکان بە ئاراستەی چارەسەریی ھەموو کێشەکان کردەوە.
باسنیوز
