لە هەولێر و سلێمانی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقامەكان بەردەوامە

لە هەولێر و سلێمانی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقامەكان بەردەوامە
لە سنووری هەردوو سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقامە سەرەكی و پێویستەكان بەردەوامە و لەپێناو كارئاسانی بۆ هاتوچۆی شوفێران و هاووڵاتییان و پرۆسەكەش لەو شوێنانەی كە پێویست بە نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان دەكات، بەردەوام دەبێت.

تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سێی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بەمەبەستی کارئاسانی بۆ هاتوچۆی شۆفێران، پرۆسەی چاکكردنەوەوەی چاڵ و شکستەکانی شەقامی سەرەکیی ھەولێر- پیرمامیان دەست پێ كرد، ئەو رووبەرەی نۆژەن دەكرێتەوە زیاترە لە ٥٠٠ مەتر و لەلایەن کارگەی قیڕی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە بە بڕی ٨٥ تۆن قیڕ جێبەجێ دەكرێت. ئەم شەقامە یەكێكە لە شەقامە سەرەكییەكانی شاری هەولێر و زۆرترین هاتوچۆی شوفێرانی بەسەرەوەیە.

هاوكات ئەمڕۆ یەکشەممە 2020.8.16 تیمەکانی بەشی پڕۆژە و ئامێرەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەسەر بودجەی شارەوانیی سلێمانی پرۆسەیەكی قیرتاوکردنی یەکتربڕی دەباشان لە شەقامی چوارتایان بۆ سەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود دەست پێ كرد كە ئەم شوێنە هاتوچۆیەكی زۆری شوفێرانی بەسەرەوەیە. پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی شەقام و قیڕتاوكردن لە سنووری سەرۆكایەتی و فەرمانگە شارەوانییەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوێرەی توانای ماددی و پێویستی بەردەوام دەبێت.











باسنيوز


Top