هێمن هەورامی: پارتی هەمیشە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕزگاریخوازی دەرکەوتووە

هێمن هەورامی: پارتی هەمیشە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕزگاریخوازی دەرکەوتووە
ئەمڕۆ یەکشەممە جێگری سەرۆکی پەرلەمەنی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاماژەی بەوە کرد پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە گەورەتر بووە لە پارتێک و زیاتر وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕزگاریخوازی دەرکەوتووە.

لەمبارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 2020.8.16 هێمن هەورامی بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "پارتی هەردەم زیاتر لە حزب و پارتێک دەرکەوتووە و هەردەم وەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی ڕزگاریخوازیی سەرانسەری کوردستان بووە، چونکە پارتی بەرهەمی کۆمەڵێک لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی قۆناغەکانی پێش خۆی بووە و توانیوەیەتی وزە و تواناکانی خەڵکی کوردستان ئاراستە و یەکیان بخات".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "پارتی لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی بازرزانیی نەمر و دواتر بە ڕێبەرایەتیی جەنابی مەسعود بارزانی توانیویەتی زۆر دەسکەوت بۆ خەڵكی کوردستان بەدەست بێنێت".

هێمن هەورامی ڕاشی گەیاند: "ئومێد دەکەین پارتی لەگەڵ هێزە سیاسییە تێکۆشەرەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەت ئەو هێزانەی کە ئێستا لەناو کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێککەوتنێکیان هەیە، شانی زیاتر بدەینە بەر ئەو ئەرکە سەختانەی کە ئێستا بەهۆی دۆخی ئابووری، دۆخی تەندروستی، لە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، هەروەها ئەو تێکچڕژاوی و ئاڵۆزییەی کە عێراق، هەرێمەکە و جیهاندا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ئەرکەی لەسەرشانمانە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و لە باشترکردنی بژێوی خەڵکی کوردستان، لە جێبەجێکردنی چاکسازی و لە تەواوی سێکتەرەکان بتوانین تێیاندا سەرکەوتوو بین".

جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "ئەمڕۆ کە یادی ١٦ی ئابە، پێمان باشە یادێک بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و بۆ هەڵسەنگاندنەوەی سیاسەت و بڕیارەکان بێت، بۆ ئەوەی بتوانین بەرچاوڕوونییەکی زیاترمان هەبێت، هەتا کار لەسەر ئەو بابەتانە بکەین کە کێشەکان چارەسەر دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانین پێشبینیی بکەین کەلە ئایندەدا سیناریۆکانی دروستبوونی کێشە لە ناوچەکەدا کامانەن، بۆیە دەبێ هەموو وزە و تواناکانی خەڵکی کوردستانی کۆ بکەینەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بگەیەننە کەناری ئارامتر".

هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەش کرد: "یەکێک لە سیما هەرە جوانەکانی کاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئەو پلۆرالیزمە سیاسی و فرەییەیە کە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و پێمان وایە ئەو دۆخە ئابوورییە نالەبارەی کە ئێستا هەیە بەتەنها ڕووبەڕووی هێزێک نەبووەتە، تەنانەت ڕووبەڕووی دوو و سێ هێزیش نەبووەتە، یان ئەو پەیوەدنییانەی کەلە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەن، بەتایبەت ئەو دۆخەی کە پەیوەستە بە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەتەنها پەیوەندیی نییە بە پارتی، یان لایەنێکی ترەوە، یان ئەو تێکچڕژاویەی کە لە هاوکێشە ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان هەیە، بەتەنها پەیوەندیی بە لایەنێکەوە نییە و پەیوەندیی بەتەواوی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت بەو خەڵکەشەوە هەیە کەلە دەرەوەی سیاسەتن، بۆیە پێمان وایە ئاڵۆگۆڕکردنی پەیامی پیرۆزبایی لەم یادانە و پتەوترکردنی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەو لایەنانەی لەناو کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان، دەتوانێ وەڵامدەرەوەیەکی باشی یەکخستنی وزە و تواناکان بێت".












باسنيوز



Top