وەزیری کارەبا: چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا خەمی سەرەکیی کابینەی نۆیەمە

وەزیری کارەبا: چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا خەمی سەرەکیی کابینەی نۆیەمە


ئەمڕۆ یەکشەممە لە دەڤەری "شێروان مەزن"ی سەر بە قەزای مێرگەسۆری سەر بە پارێزگای هەولێر، لە ڕیوڕەسمێکدا وێستگەیەکی دیکەی گواستنەوە و دابینکردنی کارەبا دەستی بە کار کرد و وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد ئەم پرۆژەیە 33 مێگاوات کارەبا بۆ سنوورەکە دابین دەکات.

لەمبارە ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتەیەکدا ڕای گەیاند: "ئەم پرۆژەیە یەکێک لەو پرۆژانەیە کە ماوەیەکە پلانی بۆ دانراوە و پارەی پێویستی بۆ تەرخان کراوە و ئێمە هەر لە دەسپێکی کابینەی نۆیەم و دوای ئەوەی کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا، بڕگەیەکی سەرەکیی ئەو کارنامەیە ئەوەیە کە کار بۆ چارسەکردنی کێشەی کارەبا دەکرێت، چونکە ئەو گرفتە خەمی بنەڕەتی و سەرەکیی ئەم کابینەیە، بۆیە حکوومەتی بە وردی و دروستی خۆی لێ کردووەتە خاوەن و هەروەک دەشبینین بەرهەمی ئەم هەوڵ و تێکۆشانەش بەروپێشچوونی باشی بە خۆیەوە بینیوە".

وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد: "پاش ئەوەی بە فەرمی حکوومەت دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، هەموو وەزارەتەکان، ڕاسپێردران کە پلانی گونجاوی خۆیان بۆ کار و چارسەرکردنی کێشەکان ئامادە بکەن و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرا، ئێمەش وەک وەزارەتی کارەبا پلانی خۆمان پێشکەش کرد و بە خۆشییەوە پاش سێ هەفتە زۆربەی هەرە زۆری پلانەکانی ئێمە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کران".

كەمال محەمەد ساڵح گوتیشی: "پلان و کارەکانمان لە وەزارەتی کارەبا بەسەر سێ ئاستدا دابەش کراون، پرۆژەی کورت کەلە ماوەی چەند مانگدا جێبەجێ بکرێن، پرۆژەی مامناوەند کە بۆ ماوەی یەک ساڵ، هەروەها پرۆژەی گرنگ کە ماوەکەی سێ ساڵ دەخایەنێت".

گوتیشی: "ئەم پرۆژەیە کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت کە خەڵک کەڵکی لێ وەردەگرن، دەچێتە خانەی پرۆژە کورتەکانەوە کەلە ماوەی ڕابردوودا کاری لەسەر کراوە و لە سێ بڕگەی سەرەکی پێک هاتووە، یەکەم دامەزراندنی وێستگەیەکی ٣٣ کەلە دوو بگۆڕ (محاویلە) پێکهاتووە کە هەر بگۆڕێک ١٦ (NV)یە کە دەتوانێ 32 مێگاوات کارەبا بۆ ئەم دەڤەرەکە دابین بکات کە لەلایەن کۆمپانیای (مەلەک)ی لوبنانییەوە جێبەجێ کراوە".

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی وکردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "گوژمەی ئەم پرۆژەیە سەرجەم ٣٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بووە و دوای ئەوەش ئێمە داوامان لە کۆمپانیاکە کردووە کە کەموکۆڕییەکانی ئەو پرۆژەیە بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی کارەبا چارەسەر بکات و سوپای ئەو کۆمپانیایە دەکەن کە بەدەم داواکارییکەمانەوە هاتن و وێستگەکە بۆ پرۆژەکە دابین کرا".

هاوکات بڕگەیەکی دیکەی پرۆژەیەکە ئەوەیە کە ٣٥ کیلۆمەتر لە هێڵی ٣٣ کەیڤی بۆی کێشراوە بۆ وێستگەکانیی (ڕێزان، بارزان و شێروان مەزن و مێرگەسۆر) کە پێشتر ئەم دەڤەرە هەمووی لەسەر یەک هێڵی کارەبا بووە و هەرکات گرفتێک لەم هێڵەدا دروست دەبوو، دەڤەرەکە هەموو بێ کارەبا دەبوون، بەڵام ئێستا دوای ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە لەو سێ هێڵە هەتا ئاستێک ڕەوشی کارەبا باشتر بووە و سەربەخۆیی زیاتر لە تۆڕی کارەبا جێگیر کراوە".






باسنيوز
Top