پیاوێک بە یارمەتی ژنی یەکەمی، ژنی دووەم دەهێنێت

پیاوێک بە یارمەتی ژنی یەکەمی، ژنی دووەم دەهێنێت
لە هەولێر هاونیشتمانییەک بۆ جاری دووەم هاوسەگیریی دەکات و دەڵێت، ژنی یەکەمم یارمەتیدەرم بووە لە هێنانی ژنی دووەم و زۆر بەختەوەر و خۆشبەختین.

بارزان محەممەد سەبارەت بە چوونە نێو ژیانی هاوژینی بۆ جاری دووەم لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەی بۆ رووداو کرد و سوپاسی هاوژینی یەکەمی کرد کە یارمەتیدەری بووە لە هێنانی ژنی دووەم و دەشڵێت "خێزانی یەکەمم هیچ بەربەستێکی بۆ دروستنەکردم و زۆریش یارمەتیدام، خوای گەورە لە هەردوو دونیا سەربەرزی بکات".

بارزان محەممەد لە هەولێر دەژیت و تەمەنی 35 ساڵە و هاوژینی یەکەمی 24 ساڵە، هاوژینی دووەمیشی کە رۆژی چوارشەممە هێناویەتی بە رەگەز عەرەبە و تەمەنی 22 ساڵە.

لە هاوژینی یەکەمی چوار منداڵیان هەن (دوو کوڕ و دوو کچ). بارزان محەممەد ئاماژە بەوە دەدات "نازانم چۆن وەسفی هاوژینی یەکەمم بکەم، هەرچۆنێک وەسفی بکەم دەترسم نەتوانم حەقی پێبدەم، تەنیا دەتوانم بڵێم خودا پاداشتی بەخێرت بداتەوە و منیش ئینشائەڵڵا هەرگیز چاکەکەت لەبیرناکەم".

بارزان محەممەد نایشارێتەوە کە هاوژینی دووەمیشی وەک ئەوەی یەکەم خۆشدەوێت و دەشڵێت "بەڵێنم پێداوە کە هەرگیز ناهێڵم کەموکورتی هەبێت و کەمتەرخەم نابم بەرامبەری".

هەندێک کچ و ژن بە بارزانیان گوتوە "پیاوێک ناتوانێت بە تەنیا دوو ژنی خۆشبووێت" و لە وەڵامی ئەواندا دەڵێت "بەدڵنیاییەوە من هەردووکیانم وەکو یەک خۆش دەوێت و ئەگەر خوای گەورە بیکاتە قسمەت، بەنیازم ژنی سێیەم و چوارەمیش بهێنم".

هاوسەرگیری دووەمی بارزان لەڕێگەی هاوڕێیەکی خۆیەوە بووە و دەڵێت، ئەو ژنەی ئێستام عەرەبە و خەڵکی موسڵە " بە رەزامەندی دایک و باوکی و خۆی لەخۆمم مارە کردووە و کردوومەتە هاوژینی دووەمم".

ئەو کاتەی رووداو قسەی لەگەڵ بارزان دەکرد لەگەڵ هەردوو هاوژینەکەی و منداڵەکانی لە دەرەوە بوون، بارزان دەڵێت " ئەمشەو شەوێکی خۆشمان هەبوو و ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە"


rudaw
Top