لە دهۆک 135 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێت، 135 تووشبووی کۆرۆنا بە تەواوی چاکبوونەوە و ئێستاش ژمارەی چارەسەرکراون گەیشتە 795 کەس.
تەندروستیی دهۆک ئاماژە بەوەش دەدات کە ئێستا 880 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا ماون.
ئەمڕۆ شەممە 15-08-2020، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 658 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراون و 20 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە 24 کاژێری رابردوو سێ هەزار و 524 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە زۆرترینین لە هەولێر بووە، دوای ئەویش دهۆک و سلێمانی دێن.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 20 هەزار و 660 تووشبووی دەستنیشانکراوی کۆرۆنا هەن، کە 11 هەزار و 207 کەسیان چاکبوونەتەوە و 732 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانیان دەکات بۆ رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی تووشبووان، پابەندی رێنمانییە تەندروستییەکان بن.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا، هەزار و 686 کەس لە پارێزگای دهۆک تووشی کۆرۆنا بوون و 11 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
rudaw
