هەرێمی کوردستان نزیکدەبێتەوە لەوەی پێویستی بە هەنجیری هاوردە نەمێنێت
هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی هەنجیر نزیك بووەتەوە لە ئاستی خۆبژێوی ، بە جۆرێك ئەو هەنجیرەی لە چوار ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان بەكاربراوە زیاتر لە 90%ی بەرهەمی خۆماڵی بووە، ساڵی رابردووش بەرهەم هەنجیر ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد و بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 51% زیادبوو.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كە پشتی بە داتای گومرگەكان بەستووە، لە چوار ساڵی رابردوودا 40 هەزار و 334 تۆن هەنجیر لە هەرێمی كوردستان بەكاربراوە، کە 36 هەزار و 521 تۆنی بەرهەمی خۆماڵی بووە و دەكاتە 90.4%ی بڕی هەنجیری بەكاربراو، كەواتە بەراورد بە میوەكانی دیكە هەرێمی كوردستان كەمترین بڕی هەنجیری هاوردە كردووە، بۆ پێداویستی ناوخۆ زیاتر پشتی بە بەرهەم خۆماڵی بەستراوە.
بەپێی داتاكان لە چوار ساڵی رابردوودا ساڵ بە ساڵ بەرهەمی هەنجیر لە زیابووندابووە، لە سێ هەزار و 798 تۆنەوە بۆ 18 هەزار و 116 تۆن زیادبووە واتە بەرهەم بەرێژەی 79% زیادیكردووە، هەروەها بەرهەمی ساڵی رابردوو ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركردووە و بە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 51% زیادیكردووە، ئەمساڵیش پێشبینی زیادبوونی بەرهەم دەكرێت .
حوسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان، گوتەبێژی وەزارتی كشتوكاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "كەشوهەوا و خاكی هەرێمی كوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی دار هەنجیر و بەرهەمەكەش لە بازاڕ خواستێكی باشی لە سەرە و بەراورد بە میوەكانی دیكەش داری هەنجیر كەمتر تووشی نەخۆش دەبێت، لە رێگەی قەڵەمیشەوە بە ئاسانی زیاد دەكرێت، بۆیە لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەموو ناوچەكانی كوردستان جووتیارێكی زۆر رووی لە چاندنی هەنجیر كردووە، بەم هۆیەشەوە بەرهەمی هەنجیر بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە".
حوسێن حەمەكەریم، گوتی: "بەپێی داتاكان بەرهەمی ساڵی رابردوو گەیشتووەتە 18 هەزار و 116 تۆن بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 51% زیادیكردووە، دڵنیاشین سێ بەرامبەری ئەو بەرهەمە لە دەرەوەی گومرگەكان فرۆشراوە، بۆیە دەتوانین بڵێین لە هەنجیر گەیشتووینە ئاستی خۆبژێوی".
بۆ بە بازاڕكردن و پاراستنی بەرهەمی جووتیاران لە ساڵانی رابردوودا، وەزارەتی كشتوكاڵ لە ناوەڕاستی مانگی تەممووز تاوەكو سەرەتای مانگی تشیرینی یەكەم، بڕی 500 دینار رەسمی گومرگی دەخستە سەر هەر كیلۆیەك هەنجیری هاوردە، بەڵام ئەمساڵ لە یەكی ئابەوە بەیەكجاری هاوردەكرنی ئەم بەرهەمە و شەش بەرهەمی دیكەی بۆ كاتێكی نادیار قەدەخە كردووە.
حوسێن حەمەكەریم، دەڵێت: "ئامانجمان لە بڕیاری قەدەخەی هاوردەی هەنجیر و بەرهەمەكانی دیكە بۆ بە بازاڕكردن و گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆییە تاوەکو ئاستی خۆبژێوی".
حوسێن حەمەكەریم دەڵێت بەپێی بەدواداچوون بۆیان دەركەوتووە ساڵانە برێكی زۆر هەنجیری وشكکراو لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، دەیانەویت لە رێگەی دامەزراندنی كارگە و گەشەپێدانی تەكنیكی وشکكردنەوەی هەنجیر بەشێوازێكی هاوچەرخ، لەمەودوا پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەسترێت.
چاندنی هەنجیر پێویستی بە خاكێكی تێكەڵ و كەشوهەوایەكی مامناوەند هەیە، ئەم كەشوهەوایە لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستاندا هەیە، بەڵام هەنجیری هەندێ ناوچە بەهۆی جیاوازی كەشوهەوا و خاکەكەی، تامی لە هەنجیری ناوچەكانی دیكە خۆشترە.
ئێستا زیاتر لە 30 جۆری هەنجیر لە هەرێمی كوردستان هەیە. كە بەشێكیان بە ناوی تایبەت ناسراون بەشێكی دیكەشیان ناو ئەو ناوچەی هەڵگرتووە، كە هەنجیرەكەی لێ روێندراوە.
ئەمانە بەشێكن لە هەنجیرە بەناوبانگەكانی كوردستان هەنجیری شۆشی، ریحانی، شینكە، زەردە، میرانی، ئەزمیری، گونجی دۆشاوی، یەحیا بەگی، شاكری، پایزە، ئاكرێ، تەقتەق، بێناتی، بجیل، شەنگال، تەوسكەی كیوی، بەرۆنە، هەڵشۆ و مەرگە.
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان هەنجیری ئاكرێ ناوبانگێكی باشی هەیە، بەپێی داتاكان لەم قەزایە زیاتر لە 6 هەزار داری هەنجیر هەیە، بەرهەمی ساڵانە دەگاتە 800 تاوەكو 900 تۆن، بەهۆی زیادبوونی رووبەری باخەكانیش بەردەوام بەرهەمی ئەم قەزایە لە زیادبووندایە.
سالار شیمال زێباری، جووتیارێكی گوندی مەرزینگانی دەڤەری نەهلەی ناحیەی دینارتەی قەزای ئاكرێیە، سێ باخی هەنجیری هەیە، بەرهەمی ساڵی رابردووی نزیكەی 10 تۆن هەنجیر بووە.
سالار زێباری، دەڵێت: "بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر هەنجیری ئاکرێ هەیە ساڵ بەساڵ لە ئاكرێ و دەوروبەری رووبەری باخی هەنجیر لە زیادبووندایە، بەتایبەت دوای قەیرانی دارایی خەڵكێكی زۆر رووی لە دروستكردنی باخی هەنجیر كردووە، بۆیە بەراورد بە پێشتر رووبەری باخی هەنجیر لە ئاكرێ بەرێژەی 10% زیادیكردووە".
هەنجیری باخەكانی ئاكرێ لە جۆری بێتانی، یەحیابەگی، شاكری، پایزەن، هەنجیرەكەیان قەبارەی گەورەیە و رەنگی زەردە، ئەگەر خزمەتێكی باش بكرێن بەرهەمی زۆر باش دەدەن.
سالار زێباری، دەڵێت "هەنجیری زۆربەی باخەكانی ئاكرێ لە جۆری شاكرین ئەگەر باش خزمەت بكرێن لە دۆنمێك 4 تاوەكو 6 تۆن بەرهەم دەدەن".
زێباری هەروەها دەڵێت: "ئێمە خزمەتێكی باشی باخەكانمان دەكەین، بۆیە هەنجیرەكانمان كواڵێتیان زۆرباشە و لە بازاڕ خواستی زۆری لەسەرە لەكاتی پێگەیشتن كیلۆی 3000 تاوەكو 3500 دینارمان بۆ دەكات و لەكاتی دابەزینی نرخیش كیلۆی 2000 دینار دەكات، ساڵانەش بەشێكی لەسەر خواست هەناردەی بەغدا دەكەین، بۆ نموونە ساڵی رابردوو لەسەر خواست تۆنێکمان بۆ بەغدا و تۆنێكیشمان بۆ ئەڵمانیا هەناردە كرد".
رۆژانە زیاتر 3000 سندوق هەنجیر لە گومرگی هەولێر دەفرۆشرێت
بەپێی داتاكانی چوار ساڵی رابردوو، پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە رووی بەرهەمی هەنجیر لە پلەی یەكەمدا بووە، زۆرترین بڕی هەنجیر لەو پارێزگایە بەرهەمهاتووە كە 17 هەزار و 296 تۆن بووە، كە دەكاتە نزیكەی 47.3%ی هەنجیری بەرهەمهاتوو، هەروەها زۆرترین بڕی هەنجیری بەكاربراویش هەر لە هەولێر تۆماركراوە كە 19 هەزار و 588 تۆن بووە، بەڵام پێدەچێت هەموو ئەو بەرهەمە هی باخەكانی هەولێر نەبێت، چونكە بەهۆی خواستەوە بەشێك لە هەنجیری ئاكرێش لە هەولێر بەبازاڕ دەكرێت.
حاجی موخلیس یاسین، خاوەنی نووسینگەی جیهانی میوە لە گومرگی سەوزە و میوەی هەولێر، كە نووسینگەكەی بەناوبانگە بە فرۆشتنی هەنجیر دەڵێت: "لە وەرزی پێگەیشتن لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەتایبەت لە ئاكرێ، دینارتە، رانیە، تەقتەق، شەقڵاوە گوندەكانی ناوچەی بالیسان و دەوروبەری هەولێر هەنجیرمان بۆ دێت".
حاجی موخلیس یاسین دەڵیت لە پارێزگای هەولێر خواستێكی زۆر لەسەر هەنجیر هەیە، لە وەرزی پێگەیشتندا رۆژانە زیاتر لە 3000 سندوق هەنجیر لە هەولێر دەفرۆشرێت".
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ ساڵی رابردوو زۆرترین بڕی بەرهەمی هەنجیر لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراوە، كە 8 هەزار و 80 تۆن هەنجیر بووە، لە چوار ساڵی رابردووش ئەم پارێزگایە كەمترین هەنجیری هاوردەكردووە بە جۆرێك 98.5% هەنجیری بەكاربراو لەو پارێزگایە بەرهەمی خۆماڵی بووە.
جەلیل شەمسەددین حامید، بەڕێوەبەری باخداری سلێمانی، دەڵێت: "بەهۆی ئەنجامنەدانی رووپێوی، داتایەكی دروستمان نییە لەسەر رووبەر و ژماری داری هەنجیر لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام لە هەموو ناوچەكان بە رووبەری جیاواز باخی هەنجیرمان هەیە، لە پارێزگای سلێمانیش ناحیەی بنگرد و ناوچەی دۆڵەڕووت بەناوبانگن بە هەنجیر".
بە گوتەی جەلیل شەمسەدین بەهۆی قەیرانی دارایی لە چەند ساڵی رابردوودا خەڵكی زۆر رووی لە باخداری كردووە بەهۆی خواستیش نەمامگە حكومییەكان ساڵانە بە هەزاران نەمامی هەنجیریان بەرهەمهێناوە و بەنرخی پاڵپشت بەسەر جووتیاران دابەشی كردووە ئەمەش وایكردووە ساڵ بەساڵ رووبەری باخی هەنجیر لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەت روو لە زیادبوون بكات، بەم هۆیەش بەرهەم بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.
rudaw
