ئەو مامۆستا ئایینییانەی چوونە لای وەزیر: لێکتێنەگەیشتن هەبووە، بەڵام بە خێر و خۆشی کۆتاییهات
لە روونکردنەوەی ئەو مامۆستا ئایینییانەدا هاتووە، پاش ئاڵوگۆڕکردنی قسە و پێشنیاز و نیشاندانی دڵسۆزی، لەکاتی وتووێژکردن "هەندێك لێكتێنەگەيشتن لە وتووێژكردنەكەدا روویدا، بۆ نموونە: وەکو هەڵچوون لەکاتی وتووێژکردن کە ئەمە شتێکی سرووشتییە لەکاتی گفتوگۆکردندا، بەڵام خۆشبەختانە کۆتاییەکەی بە خێر و خۆشی هات و داواکارییەکان بە ئەرێنی وەرگیرا و بەڵێندرا کە بە جیددی کار لەسەر داواکارییەکان بکرێت".
ئەو مامۆستا ئایینییانە ئاماژەیان بەوەش کردووە کە وەزیری ئەوقاف پێیگوتوون، دەرگای وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانیان کراوەیە بەڕووی مامۆستایانی ئایینی و دەتوانن بە رێگەی ئەوقاف هەر داواکارییەکی خۆیان و خەڵکی موسڵمان بگەیێنن، نەک بە رێگەی دیکە کە لەوانەیە خەڵکانێک بە مەرامێکی دیکە بەکاریانبهێنن.
هەر لەو روونکردنەوەیەدا مامۆستا ئایینییەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە لەبارەی کۆبوونەوەکەیان گوایە "وەزیر جوێن و قسەی ناشرینی گوتبێت بە مامۆستایان، دروستبوونی شەڕ و قسە لەنێوان مامۆستایان و وەزیر، مامۆستایانی ئایینی و وەزیر پەلاماری یەکتریان دابێت و پاسەوانەکانی وەزیر و چەند چەکدارێک بانگکرابن لە مامۆستایان بدەن، بەڵکو هیچ چەکدار و پاسەوانێک لە شوێنی دانیشتن نەبوون، تەنها کارمەندانی وەزارەت بوون. هەروەها تەلەفۆن کرابێت بۆ مامۆستایەکی ئایینی و پێیگوترابێت لەلایەن خودی وەزیر ئەم رووداوە داپۆشە ئەگینا دەرت دەکەم".
ئەو مامۆستا ئایینییانە دەڵێن، ئەو دەنگۆیانەی فەیسبووک "دوورن لە راستیی دانیشتنەکە" و ئاماژەیان بەوەش کردووە، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری ئەوقاف، بە رێزەوە بەڕێکراون.
rudaw
