ڕانیە.. دوو ھەزار دۆنم زەوی بە گوڵەبەڕۆژە چێندراوە

ڕانیە.. دوو ھەزار دۆنم زەوی بە گوڵەبەڕۆژە چێندراوە


بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕانیە ڕای گەیاند لە سنووری قەزای ڕانیە کە دەشتی بتوێن دەگرێتەوە، دوو ھەزار دۆنم زەوی کراوەتە گوڵەبەڕۆژە کە جۆرە گوڵەبەڕۆژەیەکی باشە و ئەگەر ھاوکاریی جووتیاران بکرێت، دەتوانن ڕێژەیەکی زۆری لێ بەرھەم بھێنن.

خدر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕانیە ڕاگەیاند: "لە ھەریەکە لە دەشتی بتوێن و ئەو دەشتەی ساڵانە ئاوی بەنداوی دووکان لە سنووری ڕانیە جێ دەھێڵێت، ئەمساڵ لەلایەن جووتیارانەوە دوو ھەزار دۆنم زەوی کراوەتە گوڵەبەڕۆژە کە بەشی زۆریان گوڵەبەڕۆژەی بەھارییە کە کوالێتی و جۆرەکەی لە ئەوەی دیکە کە پیی دەڵێن گوڵەبەڕۆژەی ھاوینی باشترە".

گوتیشی: "ڕەنگی زۆربەی گوڵەبەڕۆژەکان ڕەشە کە گوڵەبەڕۆژەیەکی بەناوبانگە و بەخێرایی ساغ دەبێتەوە و ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاری و پاڵپشتی زیاتری جووتیاران بکات، دەتوانرێت پێویستیی بەشێکی زۆری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بەو بەرووبومە کشتوکاڵییە پڕ بکرێتەوە".

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ڕانیە داواشی کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی پێدانی تۆو و پەینی کیمایی و قەدەغەکردنی ئەو بەروبوومە و دامەزراندنی کارگەی باشی خۆشکردنی گوڵەبەڕۆژە و دروستکردنی ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە، برەوی زیاتر بەو بەروبوومە کشتوکاڵییە گرنگە بدات".









باسنيوز
Top