یەکەمێکی هەرێمی کوردستان: سناپچات و ئینستاگرامم هەبوو
دەریا سلێمان کە یەکەمی هەرێمی کوردستان بوو بۆ بەشی زانستی دەڵێت، رۆژانە سۆشیاڵمیدیای بەکارهێناوە و سناپچات و ئینستاگرامی هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی سنوودار بەکاریهێناوە و نەیهێشتووە کاریگەریی لەسەر خوێندنەکەی هەبێت.
دەریا سلێمان کچە خوێندکارێکی پارێزگای دهۆکە و رۆژی 12ی ئاب هاوشێوەی خوێندکارانی پۆلی 12 ئەنجامەکانی وەرگرتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا ئیدی "ماندووێتیم دەرچوو".
هەرچەندە دەریا لە قۆناخێکی هەستیاردا بوو، بەڵام هەوڵیداوە ژیانێکی ئاسایی هەبێت و باسی لەوە کرد، گرنگە بۆ خوێندکار بە گەڕان و چوونەدەرەوە پشوویەک بە خۆی بدات، بەتایبەت کە قوتابیانی پۆلی 12 دۆخێکی دەروونیی ناجێگیریان هەیە.
سەبارەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو خوێندکارە بە رووداوی گوت "سناپچات و ئینستاگرامم هەبوو، بەڵام کاریگەریی لەسەر خوێندنەکەم نەبوو، چونکە لە کاتەکانی پشوومدا بۆ ماوەی 15 خولەکێک بەکارمدەهێنا".
ئەو یەکەمەی کوردستان رۆژانە 7 بۆ 8 کاژێر خەریکی خوێندن بووە، بەڵام لە رۆژانی تاقیکردنەوە بۆ ماوەی 17 کاژێر خوێندوویەتی؛ ئیستا دەڵێت ئاواتی ئەوەیە لە بەشی پزیشکی گشتی وەربگیرێت و بتوانێت برەو بە کەرتی تەندروستی بدات.
باوکی دەریا گوتی، لەبەرئەوەی هاوژینەکەی مامۆستایە، توانیویەتی هەر لە سەرەتاوە لە قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی کچەکەیان رابهێنن کە کەسێک بێت حەز بە سەرکەوتن بکات. هاوکات دایکی دەریا گوتی، خوێندن بە تەنیا مەرجی سەرکەوتن نییە، بەڵکو خێزان دەبێت کەشێکی گونجاو دروستبکات، لەوانە چوونەدەرەوە و گەڕان.
لەگەڵ دەستپێکی پشووەکانی بەهار، ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە قوتابخانەکان داخران، بەو جۆرە قوتابیان وەکو جاران نەیاندەتوانی سوودمەندبن لە خوێندنی ناو پۆل و رێنمایی مامۆستاکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا باوکی دەریا دەڵێت، هەرچەندە ئەو پەتایە "ترسێکی زۆری" لای کچەکەیان دروستکردبوو، بەڵام خۆشبەختانە توانیویانە دۆخێکی گونجاو دروستبکەن، بۆئەوەی کچەکەیان لە خوێندن بەردەوامبێت.
rudaw
