ئەندامێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی: یەك ملیۆن كرێكاری بیانی لە عێراق هەن

ئەندامێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی: یەك ملیۆن كرێكاری بیانی لە عێراق هەن

ئەندامێكی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كۆچ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەك ملیۆن كرێكاری بیانی لە عێراق هەن، لەكاتێكدا هەزاران گەنجی عێراقی بێكارن.

فازڵ فەتلاوی، ئەندامی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كۆچ لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "یەك ملیۆن كرێكاری بیانی لە عێراق هەن، كە زۆربەیان بە رێگەی نایاسایی هێنراون، 80%ی كرێكارانی بیانیش لە كۆمپانیا نەوتییەكان كاردەكەن، بۆیە پێویستە چاو بە ژمارەی كرێكارانی بیانیدا بخشێنرێتەوە و سوود لە توانای ناوخۆ وەربگیرێت".

فەتلاوی هۆكاری هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی كرێكارانی بیانی بۆ نەبوونی پلانێكی دروست و خراپیی بەڕێوەبردنی وڵات دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "پێویستە یاسایەك هەبێت بوونی كرێكارانی بیانی لەنێو وڵات رێكبخات و پێشینەش بۆ كرێكارانی ناوخۆیی بێت، لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیش كاری لەسەر ئەو پرسە كردووە و لە رۆژانی داهاتووشدا زیاتر کاری لەسەر دەکات".

ئەندامەکەی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كۆچ لە پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، "بێكاریی هاووڵاتییانی عێراقی رژاندە سەر شەقامەكان و لە تشرینی یەكەمی رابردووەوە خۆپێشاندان دەستیپێكردووە و داوای دامەزراندن و دابینكردنی هەلی كار و چاكسازی دەكەن، ئەمەش مافێكی دەستووریی خۆیانە و پێویستە حكومەت كەرتی تایبەت كارا بكات و هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان و بێكاران دابینبكات".

بەپێی داتاكانی ساڵی رابردووی دەزگای ئاماری عێراق، رێژەی بێكاری لەنێو گەنجانی تەمەن 15 - 29 ساڵ 22.6%ـە؛ بێكاری لەنێو کوڕان 18% و لەنێو کچان 56.3%ـە، بەڵام بەپێی ئاماری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رێژەی بێكاری لەناو گەنجان 40%ـە.



rudaw
Top