خۆپێشاندان لە قەڵادزێ گرژی و ئاڵۆزییان لێکەوتەوە

خۆپێشاندان لە قەڵادزێ گرژی و ئاڵۆزییان لێکەوتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئاب لە بەشێک لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خۆپێشاندان بەڕێوەچوو، لە قەڵادزێ گرژی و ئاڵۆزی کەوتووەتەوە. بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ رایگەیاند، مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان سووتێنراوە و ناوچەی پارتیش بەردباران کراوە.

بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە خۆپێشاندانەکەی ئێوارەی ئەمڕۆدا، سەرەڕای گرتنەبەری رێکاری ئەمنی، خۆپێشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان و سووتاندیان، هەروەها خۆپێشاندەران گەیشتنە بەردەم ناوچەی پارتی و بەردبارانیان کرد، ئاماژەی بەوەش کرد "هیچ کەسێک لە رووداوەکاندا بریندارنەبووە".

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک خۆپێشاندەر دەبینرێن کە نزیکبوونەتەوە لە مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان و ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری قەڵادزێ.

لەسەر داوای نەوەی نوێ ژمارەیەک خۆپێشاندەر لە پارکی ئازادیی سلێمانی گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و بڕیاریانداوە بەردەوامی بە خۆپێشاندان بدەن. لە کەلاریش بە بەشداریی شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان خۆپێشاندان ئەنجامدرا، هەرچەندە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵدرا رێگە لە پەرلەمانتارەکە بگیرێت، بەڵام خۆپێشاندانەکە بەردەوام بوو.




rudaw
Top