ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی چۆنێتیی دابەشكردنی مووچە کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی چۆنێتیی دابەشكردنی مووچە کۆدەبێتەوە
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە چۆنێتیی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ‌، سەرچاوەیەکی وەزارەتی داراییش دەڵێت 50%ی پارەی مووچەی فەرمانبەران ئامادەیە.

كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران كە پێشنیوەڕۆ لە رێگای ئۆنلاینەوە دەکرێت تایبەت دەبێت بە چۆنێتی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت، ئایا دابەشكردنی مووچە مانگی 3 وەك مووچەی مانگی 2 بە بڕینی 21% دەبێت، یاخود مووچەی تەواو دابەشدەكرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە (رووداو)ی راگەیاند "بۆ دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ چاوەڕێی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانین، چونكە ئێستا 50% ئەو پارەیە ئامادەیە كە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگێك پێویستە".

پێشتر بە فەرمانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارای و ئابووریی هەرێمی كوردستان، نووسراوێك ئاراستەی فەرمانگەكانی حكومەت كردبوو كە لیستی مووچەیان بە بڕینی 21% بۆ بنێرن، بەڵام دواتر كاركردن بەو نووسراوە راگیراو چاوەڕێی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران كرا.

رۆژی 21ی حوزەیرانی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی لەبارەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەركرد بەپێی بڕیارەكە بەشێوەیەكی گشتیی زۆربەی فەرمانبەران 21% مووچەكانیان كەمكرایەوە.


رووداو
Top