لە هەولێر خەڵکێکی زۆر سەرە بۆ پشکنینی کۆرۆنا دەگرن و بەشێکیان بەریان ناکەوێت

لە هەولێر خەڵکێکی زۆر سەرە بۆ پشکنینی کۆرۆنا دەگرن و بەشێکیان بەریان ناکەوێت

لە هەولێر ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و بە مەزەندەی وەزارەتی تەندروستی تاوەکو سەری مانگ دەگاتە لووتکەی خەڵک تووشکردن. ئێستا نیشانەکانی پەتاکە لەسەر تووشبوو بە زۆری و زەقی دەردەکەون، خەڵکێکی زۆر لە سەرەی پشکنیندا وەستاون و هەندێک جار بەریان ناکەوێت.

تووشبوویەکی کۆرۆنا لەگەڵ سەرهەڵدانی نیشانەکانی لە دەرمانخانەی گەڕەک هەوڵی خۆچارەسەرکردن دەدات، بەڵام رۆژ لەدوای رۆژ باری تەندروستیی زیاتر تێک دەچێت و دەیگەیەننە نەخۆشخانە. دوای سی رۆژ مانەوە لە ژێر ئامێری ئۆکسیجین و 10 رۆژ چاودێری لە نەخۆشخانە گەڕایەوە ماڵ.

ئافرەتێکی تووشبووی کۆرۆنا دەڵێت، "دەچوومە دەرەوە دەمامکم نەدەبەست و دەبێت هەر ئەوە بێت تووشی کردبێتم. لە ماڵەوە خۆپارێزیمان دەکرد، بەڵام کاتێک دەچووینە دەرەوە هەر دەمگوت نایگرم. ئێستا پەیامی من بۆ خەڵک ئەوەیە خۆپارێزی بکەن و فشەیان پێ نەیەت. هەموو رۆژێک دەمبینی کە چۆن خەڵک دەمرد".

ئێستا دۆخەکە لە پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە قۆناخێک کە رۆژانە نزیکەی 500 کەس سەردانی فریاکەوتنی ناوەند دەکەن بۆ ئەوەی پشکینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر رۆژانە لەنێوان 40 بۆ 80 کەس سەردانی ئەوێیان دەکرد و ژمارەی تووشبوان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و نەخۆشخانەکان پڕن و لەوێ 40 نەخۆشیان بە ناچاری راگرتووە کە دۆخی زۆربەیان ناجێگیرە.

لە شاری هەولێر شەش نەخۆشخانە بۆ چارەسەری تووشبوانی کۆرۆنا تەرخان کراون. ئێستا لە نەخۆشخانەی رزگاری 285 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەن کە 270یان لەژێر ئۆکسجیندان و 30 کەس لەژێر ئامێری هەناسەی دەستکرد و سیپایپ یان ئامێری یاریدەدەری هەناسەداندان.

لە نەخۆشخانەی ئیماراتی 55 تووشبوو هەن کە نۆ کەسیان لەژێر ئامێری هەناسەی دەستکرد و سێیان لەژێر سیپایپدان و هەریەک لە نەخۆشخانەکانی رۆژئاوا، کۆماری، 18ی شووبات و فریاکەوتنی ناوەند 237 تووشبوویان لێیە کە دۆخی زۆربەیان ناجێگیرە.

د. شاخەوان خێلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆکار ئەوەیە دیارە نەخۆشەکان هەوکردنی سییەکانیان هەیە و ناتوانن بە ئاسانی هەناسە بدەن و پێویستان بە ئۆکسجینە. پێشتر کە قسەیەکمان دەکرد لەبەر ئەوە بوو نەگەینە ئەم قۆناخەی ئێستا، بەڵام ئێستا داوا لە خەڵکەکە دەکەین کە نەگەینە قۆناخی سەختتر و ئێستا نەخۆشییەکە لە هەموو هەولێر لە دۆخیکی مەترسیداردایە و رۆژانە کەسانێک هەن کە پشکنینیان بەر ناکەوێت".

ئێستا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 17 هەزار و 547 کەسە، 10 هەزار و 309 کەس چاکبوونەتەوە و 657 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.



rudaw
Top