دژەتیرۆری کوردستان باندێکی بازرگانیکردن بە جگەری ماوەبەسەرچوو دەستگیردەکات

دژەتیرۆری کوردستان باندێکی بازرگانیکردن بە جگەری ماوەبەسەرچوو دەستگیردەکات

دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە رۆژی یەکشەممە 9-8-2020 شۆفێرێکیان دەستگیرکردووە کە ویستوویەتی 292 کارتۆن جگەری قاچاخ بهێنێتە هەولێر. دواتریش چەند کەسێکی دیکەیان بەهۆی دەستهەبوون لەو کارەوە دەستگیرکردووە.

لە راگەیێندراوەکەی دژەتیرۆری کوردستاندا هاتووە، ئەو شۆفێرە ناوی کاروان عەتا رەشید خواڕەحم بووە، لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری جۆری مارسیدس ژمارە 54670/ سلێمانی، ویستوویەتی لەڕێگەی بازگەی دێگەڵەوە ئەو جگەرە بباتە شاری هەولێر.

کاروان عەتا، وەک لە راگەیێندراوەکەی دژەتیرۆر ئاماژەی پێکراوە، پێشتریش لە 23-7-2020 بەهەمانشێوە هەوڵی داوە بڕی 265 کارتۆن جگەری ماوەبەسەرچوو بباتە هەولێر. دژەتیرۆری کوردستان دوای دەستکەوتنی ئەو زانیارییانە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و چوار کەسی دیکەی پەیوەندیداری بەو رووداوەوە دەستگیرکردووە کە ئەمە ناوەکانیانە:

- جەلیل ئیبراهیم مستەفا ئیبراهیم، خاوەنی جگەرە بەسەرچووەکە

- عادل عەبدوڵڵا عەلی مەحموو، خاوەنی جگەرە بەسەرچووەکە

- رێبەند عەبدوڵڵا عەلی مەحموود، هاوکاریان بووە

- دیار ئەحمەد عەبدولعەزیز عەلی، هاوکاریان بووە

- کاروان عەتا رەشید خواڕەحم، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەکە بووە و هاوکاریان بووە

ئەو چالاکییەی دژەتیرۆری کوردستان لەچوارچێوەی هەوڵەکانیانە بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی هەوڵی هێنانی خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەدەن بۆ هەرێمی کوردستان. "بۆئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر".

بە گوتەی دژەتیرۆری کوردستان، چەند کەسێکی دیکە لەو رووداوە تێوەگلاون کە هێشتا دەستگیرنەکراون و ناوەکانیان بەمشێوەیە

- گۆران، دانیشتووی شاری هەولێر

- بارزان محەممەد سەعید، دانیشتووی سەیدسادق

- ئەبو یوسف، دانیشتووی کەرکووک

دژەتیرۆر داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات بەزووترین کات ئەو کەسانە دەستگیربکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.




rudaw
Top