لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە سێمێل 40 کەس شەڕ دەکەن و گەنجێک دەکوژرێت
بە گوتەی شایەتحاڵەکان، ئەو دوو ئۆتۆمبێلە چەند گەنجێکیان تێدابووە، لەسەر شەقام تووشی دەمەقاڵێ بوونە بەهۆی شکاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بەسەر یەکدیدا، پاشان لەنێو بەنزینخانەیەک لایانداوە و شەڕیان کردووە.
گەنجەکان سەرەتا بە دەست شەڕیان کردووە، دواتر تەلەفۆنیان بۆ هاوڕێ و کەسوکاریان کردووە و نزیکەی 40 گەنج کۆبوونەتەوە و چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچەیان بەکارهێناوە.
بەپێی زانیارییەکان کە رووداو لە لایەنی فەرمی دەستی کەوتووە، گەنجێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش بریندارن. بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سێمێل گوێزراونەتەوە و برینەکانیان سووکە.
پۆلیسی سێمێل لە شوێنی رووداوەکەیە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بەڵام ئامادەنەبوون زانیاری بە رووداو بدەن لەبارەی ئەوەی هیچ کەسێکیان دەستگیرکردووە یان نا.
rudaw
