دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: شەش تیرۆریستمان دەستگیرکردن
ئەمڕۆ شەممە 08-08-2020، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی شەش کەس لە سنووری چەمچەماڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت "ساڵی 2014 بەیعەتیان بە داعش داوە و چەکداربوونە و بەشداربوونە لە چەندین تاوانی دەرحەق بە مرۆڤایەتی".
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەدات، لەسەر بنەمای زانیاری و چاودێری بەردەوام و وردی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، سەربە دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، زانیاری بەدەستدەھێن لەسەر چەند "تیرۆریستێکی داعش" کە لە سنووری چەمچەماڵ ، بەناوی کارکردن و کرێکاری و ناسنامەی ساختەوە خۆیان حەشارداوە و لەچەند کێڵگەیەکدا کاری باخداریدەکەن.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە دەستگیرکردنی دووکەس کراوە و تێیدا هاتووە "دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد زانیاری و بەڵگەی دروست بەدەستھاتن و پاش رەزامەندی دادوەر بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەھاوکاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ھەڵمەتی دەستگیرکردنی "تیرۆریستانیان لە سنووری چەمچەماڵ دەستپێکردوو و لە چەند ئۆپەراسۆنێکدا رۆژی 04-08-2020 تیرۆریستانی تاوانبار (ج .م) تەمەن 26 ساڵ و تیرۆریست (ئ .ھ ) تەمەن 30 ساڵ دەستگیرکرا کە ھەردووکیان خەڵکی فەلوجەن.
هەروەها لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بەناوی (م.ھ) تەمەن 29 ساڵ لەدەست ھێزەکانی ئاسایش ھەڵدێت و دواتر بە برینداری دەستگیرکرا.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات کە رۆژی 05-08-2020، هێزەکانی ئاسایش لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا سێ " تیرۆریستی" دیکەیان لە سنووری بەردەقارەمان و ناو شاری چەمچەماڵ دەستگیکردوون کە پەیوەندیان بەھەمان گرووپەوە ھەبووە.
ئەوانەی دەستگیرکراون ھەریەک لە تاوانباران (ع.م) تەمەن 31 ساڵ و (ع.ع) تەمەنی 22 ساڵ کە خەڵکی مەحموودییەن دوای ھەڵاتنی دەستگیکرا. ھەمان ئێوارەش لەناو شاری چەمچەماڵ "تیرۆریست (ع.د) تەمەن 29 ساڵ خەڵکی بەغدا دەستگیراکران کە لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و رووبەرووی یاساو دادگاکرانەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راشیدەگەیێنێت کە "بەپێی زانیارییەکانیان تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لە خوارووی عێراقەوە ھەڵاتوون و مەرامیان بووە لە سنووری چەمچەماڵ حەشارگەیەک دروستبکەن و رێگەیەکی پەیوەندی دروستبکەن لەگەڵ چەند شانەیەکی نھێنی تیرۆریستانی داعش بۆ رێکخستنەوە و جێبەجێکردنی مەرامەکانیان، بەڵام پێش دەستبەکاربوونیان پیلانەکەیان ئاشکراکراو دەستگیرکران"
rudaw
