کۆرۆنا بووەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کەس لە لە رۆژهەڵاتی کوردستان
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی زۆری بە کەرتی ئابووریی رۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە. بە هەزاران کەس بەو هۆیە کارەکانیان لەدەستداوە. لە پارێزگای کرماشان بە لای کەمەوە 41 هەزار کەس لەو چەند مانگەدا بێکار بوونە و 28 هەزار کارگە و یەکەی ئابووری و پیشەسازی داخراون.
کۆرۆنا زیانی ئابووری بە هەموو وڵاتانی جیهان گەیاندووە، بەڵام لە وڵاتانێکی وەک ئێران کە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەش دۆخی ئابوورییان باش نەبوو، کاریگەریی زیاتری داناوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەت تەنیا لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کارەکانیان لەدەستداوە و چالاکیی ئابووری نزیکەی دوو ملیۆن کەسیش وەستاوە.
رێژەی بێکاری لە بەهاری ئەمساڵدا 24% بۆ 40% بەراورد لەگەڵ بەهاری ساڵی رابردوو زیادی کردووە. پێنج پارێزگای لوڕستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرماشان، سیستان و بەلووچستان و سنە، لە پلەی یەکەم تاوەکو پێنجەمی ئەو پارێزگایانەدان کە زۆرترین ئاماری بێکاربوونییان تێدا تۆمارکراوە.
لە پارێزگای کرماشان 41 هەزار کەس کار و پیشەکانیان لەدەستداوە و 28 هەزار کارگە و یەکەی بەرهەمهێنان داخراون. لە پارێزگای لوڕستان 39 هەزار کەس کار و پیشەکانیان لەدەستداوە کە تائێستا تەنیا 20 هەزار کەس لەوانە ناویان بۆ وەرگرتنی بیمەی بێکاری تۆمارکراوە. لە پارێزگای ورمێ 24 هەزار کەس کاروپیشەکانیان لەدەستداوە و ناویان بۆ وەرگرتنی بیمەی بێکاری تۆمارکردووە، لەو ژمارە 17 هەزار کەس بە شیاوی وەرگرتنی بیمەی بێکاری دانراون.
هاوکات لە پارێزگای سنە 13 هەزار و 500 کەس ناویان بۆ وەرگرتنی بیمەی بێکاری تۆمارکردووە و لەو ژمارە نۆ هەزار کەس دۆسیەی وەرگرتنی بیمەکەیان پەسندکراوە. هەروەها لە پارێزگای ئیلام زیاتر لە حەوت هەزار کەس ناویان بۆ وەرگرتنی بیمەی بێکاری تۆمارکردووە کە لەو ژمارە دوو هەزار کەس پارەی بیمەیان وەرگرتووە. حەوت هەزار کارگە و یەکەی ئابووری لەو پارێزگایە لەلایەن حکومەتەوە بۆ وەرگرتنی قەرزی بانکی ناویان تۆمارکراوە.
ئامارە فەرمییەکانی بێکاری لە ئێران تەنیا بەپێی رێوشوێنە حکومییەکان رادەگەیێندرێن و تەنیا ئەوانە ئەژمار دەکرێن کە ناویان تۆمارکرابێت و لەژێر چاودێریی بیمەدا بن. بۆیە رێژەکە دەبێت زۆر لەو ئامارانە زیاتر بێت.
ئامارە نافەرمییەکان باس لە بێکاربوونی رێژەیەکی زۆر زیاتری دانیشتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. ئەم رۆژانە دۆخی خراپی ئابووریی خەڵک و
ناگەشەسەندوویی ئابووری و پیشەسازیی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە قورسایی خستووەتە سەر ژیانی خەڵک.
rudaw
