ئاگرەکەی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک کۆنترۆڵکرا

ئاگرەکەی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک کۆنترۆڵکرا

ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە کۆگای دەرمانی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک کەوتەوە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا و دوای نزیکەی دوو کاژێر ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا.

نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک یەکێکە لە نەخۆشخانە گەورە سەرەکییەکانی کەرکووک و لە سەنتەری شاری کەرکووکە، نزیکی شەقامی ئەتلەس و دیوانی پارێزگای کەرکووکە.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگرەکە لە کاژێر 06:00 کەوتووەتەوە و بە هەوڵی هەمووان لە بەرگریی شارستانی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.

بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی تەندروستیی کەرکووک، سوتانی ئەو کۆگایە کاریگەریی نابێت لەسەر دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا. "چونکە ئەوە یەک کۆگایە لە 10 کۆگا".

بەپێی زانیارییەکان ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە. بەهۆی ئەوەی رێگەی گەیاندنی ئاو و ماددە ئاگرکوژێنەرەوەکان نەبوو بۆ کۆگاکە، سەرەتا نەتواندرا بەزوویی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

ئاگرەکە ژمارەیەکی زۆر پێداویستیی پزیشکی لە دەمامک، ئامێری پشکنینی کۆرۆنا و دەرمان سووتاند کە بۆ کاتی پێویست لە کۆگاکە هەڵگیرابوون.

عەقید روکن عەممار عەبدولزەھرا، جێگری فەرماندەی لیوای 61ـی تایبەت بە رووداوی گوت "هۆکارەکە بەس شۆرتی کارەبایە و هیچی دیکە نییە".

کۆگاکە یەکێکە لە کۆگا گەورەکانی دەرمان لە کەرکووک، پێشتر لە شوێنێکی دیکە بووە و لە چەند رۆژی رابردوو گوێزراوەتەوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە.

کۆگای دەرمان لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک لە باڵەخانەیەکی دیکەدایە لەناو نەخۆشخانەکە، جیایە لەو باڵەخانەیەی کە بەشی فریاکەوتن و بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکانی تێدایە کە نەخۆشەکان تێیدا چارەسەر وەردەگرن.




rudaw
Top