بەرهەم ساڵح و کازمی جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر بەغدا کردەوە

بەرهەم ساڵح و کازمی جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر بەغدا کردەوە
سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی کرد و باسیان لە دۆخی سیاسی، ئابووریی، ئاسایش و تەندروستیی عێراق کرد و جەختیشیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران لەبارەی پێویستیی نەهێشتنی تیرۆر و زیادکردنی سەرکەوتنە ئەمنییەکان و دابینکردنی ئاسایشەوە پێداگر بوون.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باسیان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ لایەنە پزیشکی و تەندروستییەکان دەربڕی و جەختیان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە کردەوە.

هاوکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانیی ئابووریی وڵات باسیان لە چەند رێکارێک کرد بۆ ئەوەی بیانگرنەبەر، بەتایبەت کەمکردنەوەی بەخشینە حکومییەکان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات.

هەردوو لا جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێویستیی چارەسەرکردنی گرفتە ماددییەکان بە گوێرەی دەستوور کردەوە.
Top