چیدیکە کاخەز بەکارناهێنێت
جگە لە داخستنی هەفتەنامەکە، ئێستا لەنێو باڵەخانەی تۆڕی میدیایی رووداو، کاخەز نابینرێت و پرێنتەر هەڵگیراوە، هەموو کارەکان بە ئەلیکترۆنی دەکرێن: هاتن و چوون، مۆڵەت وەرگرتن و راییکردنی کارەکانی نێوان کارمەندەکانیش هەر لەڕێی ئیمەیلەوە دەبێت.
مێژووی دروستکردنی کاخەز
لەبارەی مێژووی دروستکردنی کاخەز، شوێنەراناسەکان دەڵێن سێ هەزار ساڵ پێش زایین میسرییەکان جۆرێکی کاخەزیان دروستکردووە کە ئەو کاخەزە لە داری پاپیرۆس دروستکراوە کە جۆرێکی رووەکە لەنزیک رووباری نیل دەڕوا.
پاش میسرییەکان، چینییەکان جۆرێکی دیکەی کاخەزیان دروستکردووە کە لە هەمان ئەو کاخەزە دەچێت ئەمڕۆ بەکاریدەهێنن، چینییەکان لە سەدەی 2 دا ئەو کاخەزەیان دروستکردووە.
لە سەدەی شەشی زاینیدا بیرۆکەی بەکارهێنانی کاخەز گەیشتووەتە ژاپۆن، کۆریا و وڵاتانی عەرەبی. یەکەم کارگەی دروستکردنی کاخەز لە ئەوروپا لە سەدەی 12 لە ئیسپانیا دەستیپێکردووە. دواتر لە سەدەی 13 گەیشتووەتە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و بووە بە بازرگانییەکی گەورە.
زیانەکانی کاخەز بۆ ژینگە و تەندروستی
تەنیا لە ساڵی 2020دا و تاوەکو ئەمڕۆ 251 ملیۆن و 537 هەزار و 200 تۆن کاخەز بەرهەمهێنراوە، ژمارەکەش بە چرکە و خولەک زیاد دەکات. لەم مانگەدا کە زۆربەی کارگەکانیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە کارناکەن شەش ملیۆن و 616 هەزار و 965 تۆن کاخەز بەرهەمهاتووە.
ساڵانە زیاتر لە 16 ملیۆن هێکتار دارستان لە جیهاندا لەناودەچن. لە ساڵی 2020دا نزیکەی 17 هەزار هێکتار دارستان بۆ دروستکردنی کاخەز بڕاونەتەوە کە هەمووی بۆ دروستکردنی کاخەز و جۆرەکانی بەکارهاتوون. ساڵانە بڕێکی زۆر ئاو لە دروستکردنی کاخەزدا بەکاردەهێنرێت.
کاریگەریی بەرچاوی لەسەر کەمبوونەوەی ئاو هەیە، یەک کاخەزی A4 پێویستی بە 10 لیتر ئاو هەیە. لەکاتی فڕێدانیشدا دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو و هەوا. لەکاتی سووتاندنیشیدا دیۆکسیدی کاربۆن دروستدەکات.
جگە لە کاخەزی نووسین، ئێستا کاخەزی تەوالێتیش بووەتە کێشەیەکی دیکەی ژینگەیی، لە ساڵی 2020دا زیاتر لە 13 ملیۆن کیلۆمەتر کاخەزی تەوالێت بەکارهاتووە. هەر لەمساڵدا بۆ دروستکردنی کاخەز بە هەموو جۆرەکانیەوە، دوو ترلیۆن و 500 ملیۆن تۆن ئاوی سازگار بەکارهێنراوە
rudaw
