پارێزگاری بەیرووت: تەقینەوەکان 300 هەزار کەسی بێ ماڵ کردووە
مەروان گوتیشی: "باوەڕمان وایە، کە 250 تا 300 هەزار کەس بێ ماڵ بووبن و خانوو و ماڵەکانیان کەڵکی ژیانیان تێدا نەماوە".
روونیشی کردەوە: "نیوەی رووبەری پایتەختی لوبنان لەو تەقینەوە گەورەیە زیانی بەرکەوتووە، کە بەپێی ئاژانسی (فرانس پرێس) زیاتر لە 100 کوژراو و 4 هەزار برینداری لێ کەوتووەتەوە".
پارێزگاری بەیرووت تێچووی زیانەکانی ئەو کارەساتەی بە نزیکەی 3 تا 5 مليار دۆلارخەماڵاندووە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە ئەوان چاوەڕوانی راپۆرتی کۆتایی ئەندازیاران و پسۆرانن لەو بارەوە.
گوتیشی: "نیوەی بەیرووت زیانی بەر کەوتووە، یان وێران بووە، ئەمە کارەساتێکە، کە بەیرووت لە مێژووی خۆیدا بەخۆیەوە نەبینیوە".
حکوومەتی لوبنان رۆژی سێشەمە رای گەیاند، بەیرووتی پایتەخت دوای دوو تەقینەوە لە دوای یەک، کە لە بەندەری بەیرووت روویان دا، بووەتە شارێکی وێرانە، یەکێک لە تەقینەوەکان زۆر بەهێز بووە و هەورێکی گەورەی بەسەر ناوچەکەدا دروست کردووە.
حەسەن حەمەد، وەزیری تەندروستیی لوبنان دووپاتی کردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن، زیاترە لە ژمارەی کوژراوان، کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە و ژمارەیان 100 کوژراوە.
باسنيوز
