وەزارەتی تەندروستی داوای پلازمای خوێنی چاکبووەکانی کۆرۆنا دەکات
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانگەوازەکەدا دەڵێت "یەکێک لە ھێڵەکانی چارەسەری بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID19 بریتییە لە وەرگرتنی پلازمای خوێنی کەسێکی چاکبووەوە، زۆر لە نەخۆشەکان بە تووندی تووشبوونە و پێویستیان بە پلازمایە".
وەزارەتی تەندروستی تکا لەو کەسانە دەکات کە چاکبوونەتەوە و 28 رۆژیان تێپەڕکردووە بەسەر یەکەم رۆژی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، سەردانی سەنتەرەکانی بانکی خوێن بکەن بۆ بەخشینی پلازما و دەڵێت "بەم بەخشینە، خزمەتێکی مرۆڤدۆستی و خێرێکی گەورە تۆماردەکەن".
بانگەوازەکەی وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا چەند رۆژێکە جارێکی دیکە رووی لە هەڵکشان کردووەتەوە، بەتایبەتی لە هەولێر و دهۆک.
لە هەولێر تاوەکو ئێستا پێنج هەزار و 199 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون کە 142 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە، لە دهۆکیش تاوەکو ئێستا 801 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون کە 6 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 15 هەزار و 173 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، نۆ هەزار و 551 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 586 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە
Rudaw
