لەنێو بەلەمە نقومبووەکەی ئیجە 12 پەنابەری کوردی یەک ماڵبات خنکان

لەنێو بەلەمە نقومبووەکەی ئیجە 12 پەنابەری کوردی یەک ماڵبات خنکان
دوو رۆژ لەمەوبەر بەلەمێکی پەنابەران لە دەریای ئیجە نقومبوو و 19 هاونیشتمانی رۆژئاوای کوردستان کە خەڵکی عامودان لە بەلەمەکەدا بوون کە 12 کەسیان خنکاون و تەرمی 11 کەسیان دۆزراونەتەوە. ئەوانەی خنکاون نۆیان منداڵن و سیانیان ئافرەتن.

شایەتحاڵان دەڵێن لە کەناراوەکانی شارۆچکەی چەشمە گوێیان لە دەنگی هاواری کۆچبەران بوو، راستەوخۆ هەواڵیان بە فەرماندەیی جەندرمە داوە. دواتریش تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و زانیویانە کە یەختێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوتووە.

تیمەکانی جەندرمە حەوت لەو کۆچبەرانەیان رزگارکردووە، هەروەها 11 تەرمیشیان، بەڵام چارەنووسی تەرمێکیان هێشتا نادیارە.

ئەو 19 کەسە سەر بە یەک ماڵباتن و خزم و کەسی یەکدی بوونە. لەنێو خنکاوەکاندا منداڵێکی شەش مانگان هەیە کە خێزانەکەی سێ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی شەڕەوە لە حەسەکەوە چوبوونە ناوچەی قۆسێری لە مێردینی باکووری کوردستان و دواتر چوبوونە ئیزمیر.

بەرەبەیانی یەکشەممە هەر 19 ئەندامەکەی ئەو ماڵباتە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە سواری بەلەمێکی چوار کەسی کراون، بەهۆی ئەو رووداوەیشەوە شەش کەس دەستگیرکراون.

قوربانییان پرسەیان بۆ دانراوە و بڕیارە سبەی تەرمەکانیان رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.
Top