کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵ وەڵامی حەسەن نەسروڵڵا دەداتەوە
محەممەد حەکیم، کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە نووسینەکەیدا کە لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "وێڕای تێبینی و نیگەرانی ئێمە لە باری ناوخۆی کوردستان و ئەدای بارزانی، بەڵام بارزانیش سەرکردەیەکی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردە و لە شەڕی دژی داعش رۆڵی ھەبوو، بەشی خۆم نەشمبیستوە شایەن بەو قسەیە بێت".
محەممەد حەکیم کە یەکێکە لە سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامی، رەخنە لە هەڵوێستی سەرکردە ئیسلامییەکانی شیعە و سوونە لە بارەی کورد دەگرێ و رایگەیاندووە "نازانم بۆ ئەوەندە ئاماژە بە کوردستان دەکەن، وەکو ئیسرائیلی دووەم وێنای دەکەن، لە کاتێکدا حەقە ئێوەومانان و باقی سەرکردە ئیسلامییەکانی دیكەی شیعە و سوونە، جاروبار ئاماژە بە مەزڵومیەتی میللەتی کورد بکەن و بە گاڵتەش بێت بڵێن: مافی ژیان و خۆبەڕێوەبردن و، گەر کرا بشڵێن: مافی دەوڵەتتان ھەیە!"
رۆژی یەکشەممە، حەسەن نەسروڵڵا لە گوتارێکدا هێرشی کردە سەر سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی وەڵامیان دایەوە.
