ئومێد خۆشناو: جارێکی دیکە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆ دەبنەوە
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا رای گەیاند: "کەمێکی دیکە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان لەبارەی پرسی پرۆژەیاسای چاکسازی کۆ دەبنەوە".
گوتیشی: "کۆبوونەوەکە بۆ گفتگۆکردنە لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی و خانەنشینیی پلەباڵاکان و بۆ ئەوەیە بە رێککەوتنی سەرجەم فراکسیۆنەکان پرۆژەکە تێپەڕێندرێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "ئەمڕۆش تا درەنگانێکی شەو بەردەوام دەبین لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی و ئەگەر ئەمشەو خوێندنەوەی دووەم کۆتایی نەھات، ئەوا سبەی پەرلەمان درێژە بە کۆبوونەوەکان دەدات بۆ تەواوکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی".
ماوەی دوو ڕۆژە پەرلەمانی کوردستان دەستی کردووە بە تاوتوێی پرۆژەیاساکە و تا ئێستا پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ شەش ماددەی پرۆژەکە کردووە و کۆبوونەوەکانی راگرتووە و کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ دەست بە کۆبوونەوەکە دەکات.
باسنيوز
