سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان یاداشتێکیان دژی قسەکانی حەسەن نەسروڵا بەرز کردەوە
کەمێک لەمەوبەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لەسەر پێشنیازی ئەوان، سەرجەم فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان واژۆیان لەسەر یاداشتێک کردووە.
ڕوونیشی کردەوە کە یاداشتەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراوە و تێیدا داوایان لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، لە چوارچێوەی ئەو بنەمایانەی کە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێگەی پێداوە، بە فەرمی وەڵامی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵای لوبنان بدەنەوە.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە ١٢ی ١ی ٢٠٢٠، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەڵامی حەسەن نەسروڵای دایەوە و رای گەیاند، قسەکانی نەسروڵا لە دژی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان بەهۆی داخی ئەو شکستەیە کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ڕووبەڕوویان بووەوە و لە لایەن پێشمەرگەوە پیلانەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان شکستی پێهێندرا.
باسنيوز
