هۆكارى گرانبوونى نرخى غاز له هه‌ولێر ئاشكرا ده‌كرێت
ئه‌ندازیار به‌ختیار عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌ی غازی حكوومیی هه‌ولێر ڕايگه‌یاند: "غازی حكوومی گران نه‌بووه و نرخه‌كه‌ى حه‌وت هه‌زار و 500 دیناره، به‌ڵام غازى ناحكوومى گران بووه، هۆكاره‌كه‌شى كۆمپانیای دانه‌غاز، غاز ده‌فرۆشێته كۆمپانیایه‌كی دیكه، ڕاسته له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ناتوانێت نرخیان بۆ دیاری بكات، چونكه كۆمپانیاكان به موزایه‌ده وه‌ریده‌گرن و ئه‌و كۆمپانیایه‌ی بۆی ده‌رچووه، له كۆتایی ئه‌مساڵدا ته‌نده‌ری ته‌واو بووه، بۆیه دانه‌غاز موزایه‌ده‌یه‌كی دیكه‌ی كردووه‌ته‌وه و بۆ كۆمپانیایه‌كی دیكه ده‌رچووه، به‌ڵام هێشتا ده‌وروته‌سلیم نه‌كراوه و واپێ ده‌چێت له‌و نێوانه‌دا، گرفت هه‌بێت بۆیه ئێمه بووینه‌ته قوربانی، ئێستاش وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان خه‌ریكه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌كات".
گوتیشی: "ئێمه گوتوومانه ده‌بێت ته‌نیا غازی حكوومی هه‌بێت، به‌ڵام كه ئێستا ئه‌هلییه‌كه ئه‌و گرفته‌ی هه‌یه، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئێمه‌ش دروست كردووه، وه‌ك حكوومه‌ت گرنگ ئه‌وه‌یه غازی حكوومی هه‌مان نرخ و هه‌مان بڕه و گرفتی نییه".
باسنيوز
