ئومێد خۆشناو لەبارەی پرۆژەیاسای چاکسازییەوە دڵنیایی دەدات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرۆژەیاسای چاکسازییەوە دڵنیایی دەدات.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاییەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، 70 پەرلەمانتاری کوردستان لە شەش لێژنەدا، گفتوگۆیان لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی کردووە.
ئومێد خۆشناو لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی گوایە پرۆژەیاساکە ماف و ئیمتیازاتی خانەنشینیی زۆر بە پلە باڵاکان دەدات، رایگەیاندووە، کەسانی ”پیسخۆر“ و ئەوانەی تەنیا بە دروشم داوای چاکسازی دەکەن، دەیانەوێ رای گشتی بەلاڕێدا ببەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دڵنیایی بە گەلی کوردستان و جەماوەری حزبەکەی بەتایبەت دەدات، کە ”ھیچ سازشێک دەربارەی یاسای چاکسازی و پڕۆسەی چاکسازیی بەردەوام ناکەین“.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش داوە، کە هەموو ئەندامانی فراکسیۆنەکەی نەک تەنیا گیرفان، بەڵکو ”خۆشیان دەکەنە قوربانی مێژووی پڕ لەشانازی پارتی و سەروەریەکانی و ڕێگە نادەین بەھیچ جۆرێک ئەو پڕۆژەیە ببیتە قوربانی ئەودەنگە ناشازانەی کە چاویان بە باشی کوردستان ھەڵنایەت“.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 12-1-2020، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر، بکات.
رۆژی دووشەممە 16-12-2019، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی کرد و بە زۆرینەی دەنگیش سیفەتی بە پەلەی دایە پرۆژەیاساکە، تاوەکو لە ماوەیەکی کەمدا پەسەند بکرێت.
رۆژی چوارشەممە 11-12-2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی کۆ بووەوە و پرۆژەیاسای چاکسازی پەسەندکرد.
رۆژی پێنجشەممە 12-12-2019، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی ڤاڵا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان پرۆژەیاساکەی ناردە پەرلەمانی کوردستان.
باسنیوز
